بازی سەرۆکایەتی، لەسەر شانی کێ دەنیشێتەوە؟



پاش گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری ئێران، سەرنج لەسەر هەندێک لە کەسایەتییە دیارە سەربازی و ئاینییەکانی ئەو وڵاتەیە، کە دواتر رەنگە یەکێک لەوان، بەشوێنگرتنەوەی ڕەئیسی بەهرەمەند بێت بۆ جێگرتنەوەی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە لایەن دەسەڵاتی هەڵبژاردنی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی چاکسازی دەستوور، وادەی هەڵبژاردن یەکلایی بووەتەوە و ماوەی تۆمارکردنی کاندیدەکان لە ٣٠ی ئایار تا ٣ی حوزەیران بەردەوام دەبێت.

 

ئێستا ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە تاران و بەشێک لە شارە گەورەکانی دیکە دەستیپێکردووە.

 

کابینەی چواردەهەم لە کاروانی سەرۆکایەتی ئێران، لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٤ دەست بە کارەکانی دەکات و تا ساڵی ٢٠٢٨ بەردەوام دەبێت.

 

یەکشەممەی ڕابردوو هێلیکۆپتەرێک، کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و شاندی یاوەری هەڵگرتبوو، لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران کەوتە خوارەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی تەواوی سەرنشینانی.

 

پاش ڕووداوەکە، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە پشتبەستن بە دەستووری ئێران محەممەد موخبری وەک سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دەستنیشان کرد.

 

لەم ڕاپۆرتەدا، چەند کەسایەتییەکی دیاری ئێران، کە سەر بە پاشخانی جیاوازن  لە مەدرەسە ئایینیەکانەوە تا ئەزمونی سەربازی و سیاسی، بەر باس دەخەین.

 

محەمەد باقر قالیباف

قالیباف پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی بەدەستەوەیە، فەرماندە لە سوپای پاسداران و فەرماندەی پۆلیسی تاران بووە، مێژوویەکی دوور و درێژی لە پۆستە سەربازی و سیاسییەکاندا هەیە، ڕۆژنامەی “ئێران وایری لەندەن”ی بە “ئامادەترین کاندید” وەسفی کردووە.

 

محەمەد موخبر

جێگری سەرۆکی کۆچکردووی ئێران، بە پێی مادەی ١٣١لەیاسای سەرۆکایەتی ئێران،  ئەرکی سەرۆک کۆماریی لە ئەستۆیە تا سەرۆک کۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت.

ناوبراو، سەرۆکایەتی کۆمیتەی جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام خومەینی، دامەزراوەیەکی حکومی تایبەت بە کاروباری خێرخوازی و بەڕێوەبەری جێبەجێکار و جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای پەیوەندییەکانی خوزستان بووە.

لە ساڵی ٢٠١٠ یەکێتیی ئەوروپا بە هۆی پێوەندی بە بەرنامەی  مووشەکی ئێرانەوە ناوی خستە لیستی گەمارۆ لەسەرەکان.

هەروەها لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە خراوەتە لیستی سزادراوانەوە.

لە مانگی ئابی ٢٠٢١، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، وەک جێگری یەکەمی سەرۆک دەستنیشانیکرد.

موخبر، دەرفەتێکی ناوازەی هەیە بۆ ئەوەی لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی دەستووریدا وەک سەرۆکی کاتی وڵات، تواناکانی خۆی نیشان بدات.

 

سەعید جەلیلی

سیاسەتمەداری موحافیزکار، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٣ سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بووە، بە تێڕوانینە توندڕەوەکانی ناسراوە و وەک سەرۆکی دانوستانکاری ئەتۆمی ئێران کاریکردووە.

جەلیلی لە شەڕی ئێران و عێراقدا قاچێکی لەدەستداوە، لە زیهنی تاکی ئێرانیدا وەک جەنگاوەرێکی دڵسۆز بۆ وڵاتەکەی تەماشادەکرێت.

بەوە ناسراوە کە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێراندا دەگرێتەبەر، هاوپەیمانێکی نزیکی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێرانە.

سەرباری ناوی لە نێو بازنەی موحافیزکاراندا، بە هۆی هەڵوێستە توندەکانیەوە کە ڕەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیری لە وڵاتدا، جەلیلی ڕووبەڕووی دژایەتیی بەشێک لە بازنەی سیاسی ئێران دەبێتەوە.

 

موحسین ڕەزایی

موحسین ڕەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران بووە و چەندین پۆستی سیاسی هەبووە، لەوانە یاریدەدەری ئابووریی و دارایی سەرۆک کۆمار.

ناوبراو پێشتر، بەرپرسیاری شکستی سیاسەتە ئابوورییەکانی ئێران و بەتایبەت لەدەستدانی بەهای تمەنی لە ئەستۆ گرت، چاوەڕوان دەکرێت وەک ساڵی ٢٠٢١ جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە.

ئەگەرەکان، دەڵین؛ بە لەبەرچاوگرتنی تاوانباری شکستی ئابووری، ئەستەمە وەک کاندیدێکی جددی بۆ سەرۆکایەتی ئێران دووبارە دەستنیشانبکرێتەوە، بەڵام ڕەنگە وەک پاڵێوراوێکی سەرەکی ڕۆڵ بگێڕێت بۆ نیشاندانی فرەیی کاندیدان لە هەڵبژاردنەکەدا.

 

ڕەزا زەکانی

ڕەزا زەکانی وەک سەرۆکی شارەوانی تاران خزمەت دەکات و ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی پەیوەست بە مەرگی “ژینا ئەمینی”.

بە سەرکردایەتی توند و توانای مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە ئەمنییەکان ناسراوە، بەڵام ئەزموونی لە ئیدارەی دەوڵەت و سیاسەتی دەرەوەدا نییە.

سەرەڕای توانای سەپاندنی ئەمنی، زەکانی ئەو ئەزموونەی نییە کە پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێک و مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە نێودەوڵەتییەکان.

 

  عەلی لاریجانی

عەلی لاریجانی ماوەیەکی زۆر، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووە و لە بنەماڵەیەکی سیاسیی دیاری ئێرانە.

ناوبراو، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە پۆستە حکومی و سیاسییەکان.

لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠٢٠ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمانی ئێران)ی لە ئەستۆ بووە.

لاریجانی لە ماوەی بەرپرسیارێتییەکەیدا ڕۆڵێکی گرنگی لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا هەبووە و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بواری یاسادانان هەبووە.

هەروەها وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کاری کردووە.

ڕۆڵی گەورەی لە داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەکی ئێران و دانوستانە ئەتۆمییەکاندا بینیوە.

سەرەڕای مێژووی دوور و درێژی سیاسی، ڕەنگە لاریجانی دووربخرێتەوە لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام هێشتا ڕۆڵی دەبێت لەو پۆستانەی کە بە دامەزراندن پڕدەکرێنەوە.

 

پەروێز فەتاح

پەرویز فەتاح، یەکێکە لەو کەسایەتیانەی کە بە مەیلی موحافیزکارانەو توندڕەوی ناسراوە، خاوەنی پێشینەیەکی بەهێزە لە کارگێڕی حکومەت و دامەزراوە خێرخوازییەکاندا و سەرۆکی دامەزراوەی بێ پەنایانە.

پەروێز، بەهۆی مەیلی توندڕەوییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە بەدەستهێنانی پشتیوانییەکی بەرفراوان لەنێو ئەوانەی مەیلی کرانەوەیان هەیە بە رووی بارە سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ئاینییەکان، بەڵام بنکەیەکی پشتیوانی بەهێزی لەنێو موحافیزکارەکاندا هەیە.

 

مێهرداد بزەڕباش

مێهرداد، پۆستی وەزیری ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکانی بەدەستەوەیە، ناوبراو بە یەکێک لەو کەسایەتییە گەنجانە دادەنرێت کە ئایندەیەکی سیاسی ئومێدبەخشی لە ئێراندا دەبێت.

مێهرداد بزەڕباش، لە سایەی پاشخانی باشی لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و پشتیوانیی هەندێک بازنەی سیاسیدا، چانسی هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە داهاتووی سیاسی ئێراندا هەبێت.

 

عەلی شەمخانی

عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە و یەکێکە لەو کەسایەتییە دیارانەی کە ڕەنگە کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری بێت، خاوەنی ئەزموونێکی بەرفراوانە لە کاروباری ئەمنی و سیاسیدا.

شەمخانی بە هۆی ئەزموونی بەرفراوانی لە کاروباری ئەمنی و سیاسی و ڕۆڵی ئێستای لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، چانسی بەهێزی هەیە.

 

موجتەبا خامنەیی

موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانە.

هەرچەندە تا ئێستا کاندیدبوونی ناوبراو پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە ڕەنگە پۆستی باڵا لە داهاتووی ئێراندا هەبێت.

ئەگەر بڕیاری خۆکاندیدکردن بدات، بە لەبەرچاوگرتنی ڕەچەڵەک و پەیوەندییە بەهێزەکانی لەناو دەسەڵاتدا، دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆری هەبێت.

 

چاوەکان لەسەر ئەم ناوانەنە کە لەسەروە ئاماژەیان پێدرا، کە بڕیارە ڕۆژی ٨ی تەمووز هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆ خولی چواردەهەم لەو ئێران بەڕێوەبچێت.

 

بازەکە لەسەر شانی کی دەنیشێتەوە؟

هانی سلێمان، شارەزای کاروباری ئێران بە سکای نیوز عەرەبی ڕاگەیاندووە، “محەمەد باقر قالیباف لە ئێستادا دیارترین کاندیدە، بە پشتبەستن بە شیکارییە جۆراوجۆرەکان کە ئاماژە بەوە دەکەن، زۆرترین ئەگەری کاندیدکردنی هەیە”.

سلێمان پێی وایە کەسایەتییەکانی دیکەی وەک عەلی شەمخانی، سەعید جەلیلی، و موحسین ڕەزایی لە ڕووی دەرفەتەوە لە پلەی دووەمدا دێن.

 

سلێمان دەشڵێت، “کەسانی وەک مێهرداد بزەڕباش هەن، کە ڕەنگە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبێت، بەتایبەتی ئەگەر لەلایەن دامەزراوەکانی وەک سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتی بکرێنن”.

 

هانی سلێمان، شارەزای کاروباری ئێران، پێی وایە ڕەنگە هەندێک ناو وەک موجتەبا خامنەیی هێشتا مومکین بن، بەڵام چانسی ئەوان کەمترە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخی ئێستا.

هەروەها پێی وایە ئەو کەسایەتیانەی کە ڕەخنەیان لە ئەدای ڕێژیم گرتبوو، وەک ئەحمەدی نەژاد، ڕەنگە دەرفەتی سنوورداریان هەبێت.

 

ئاستەنگی ناوخۆیی و دەرەکی

هانی سلێمان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەحەددیاتی بەردەم ڕێژیمی ئێران لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویستی بە کاندیدێک هەیە کە بتوانێت شەقامی ئێران هێور بکاتەوە و قەبارەی ئۆپۆزسیۆن کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی سەقامگیری بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی وڵات مسۆگەر بکات.

نوێترین لێدوانی سەرۆک وەزیران دەربارەی مووچە
پێت نوێترین لێدوانی سەرۆک وەزیران دەربارەی مووچە
پەیوەندی نێوان ڕووسیا و ئێران، ئیسڕائیلی تەنگەتاوکردووە
دوات پەیوەندی نێوان ڕووسیا و ئێران، ئیسڕائیلی تەنگەتاوکردووە
پەیوەندیدار