قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیاری نوێی لەبارەی هاوردەکردنی مریشک و هێلکە و گۆشت دەرکرد و ڕایگەیاند، بەروبوومە ناوخۆییەکان لەڕووی کوالێتی و بڕەوە گرنگییان پێبدرێت.
قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە ئامانجی گرنگیدان بە بڕ و کوالێتی بەرهەمی ناوخۆی و هاوسەنگکردنی لەگەڵ بەرهەمە هاوردەکراوەکان، ئاوات محەمەدك قائیمقامی سلێمانی بەجیا لەگەڵ لیژنەی دیاریکردنی بەروبونی کشتوکاڵی و لیژنەی دیاریکردنی بەروبومی ئاژەڵی کۆبووەوە.
ڕاشیگەیاندووە، بڕیاردرا لەپێناو کوالێتی و بڕی بەرهەمی ناوخۆیی و گونجاندنی لەگەڵ دۆخی ئابووری هاووڵاتییان چەند رێکارێک بگیرێتەبەر، لەوانە بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی مریشک و هێلکە بەردەوام بێت و لەهەمانکاتدا بڕی هاوردەکردنی گۆشتی سور و ئاژەڵی زیندوو ماسی کراوەبێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێداچونەوە بە مۆڵەتپێدانی کێڵگە پەرەوەرییەکان و دروستکردنی هاماهەنگی زیاتر لەگەڵ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ ئاڵوگۆڕی بەرهەمی ناوخۆیی، لە هەمان کاتدا جەخت کرایەوە کە بەروبومە ناوخۆییەکان لەرووی کوالێتی و بڕەوە گرنگییان پێبدرێت.
جەختیشكراوەتەوە، گرنگی زیاتر بە ساردکەرەوەکان و هەڵگرتنی بەروبومە سەوزە و میوە بدرێت بۆئەوەی زیاتر سوود لە بەروبوومی ناوخۆ وەرگیرێت، هاوکات بڕیاردرا زیادەڕەوییەکان و پاکردنەوەی ناو عەلوەی سلێمانی چارەسەر بکرێن.