جێگری سەرۆکی پارتی دیمواکراتی کوردستان ڕایگەیاند، شۆڕشی گوڵان هیوا و ئومێدێکی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە و پیلانگێڕیی دوژمنانی گەلی کوردستانی تێکشکاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیومکراتی کوردستان لە ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “لە چل و هەشتەمین ساڵڤەگەڕی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو پێشمەرگە و تیکۆشەرانی بەشداری شۆڕشەکە دەکەم”.
مەسرور بارزانی دەڵێت: “شۆڕشی گوڵان کە درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، هیوا و ئومێدێکی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە و پیلانگێڕیی دوژمنانی گەلی کوردستانی تێکشکاند کە دەیانویست کۆتایی بە شۆڕش و خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە پێناو مافە ڕەواکانی بهێنن، چونکە خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی هێز و لایەنە کوردستانییەکان، بووە هۆی بەدەستهێنانی چەندین دەسکەوتی مەزنی نیشتمانی کە مەزنترینیان ڕاپەڕینی شکۆداری 1991 و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو”.
ڕاشیگەیاند، لە چل و هەشتەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو خەباتکار و تێکۆشەرانی بەشداری ئەم شۆڕشە دەکەینەوە بە تایبەتی سەرکردەی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی.