هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی ڕێكخراوی داعش بەسەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەنجامدانی ٣١٣ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە عیراق و سوریا لە ساڵی ٢٠٢٢كە خۆی سەرپەرشتی كردوون، ڕادەگەیەنێت.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن هاوپەیمانییەكەوە لەبارەی چالاكییەكانی لەمساڵدا بڵاوكرایەوە”١٠٨ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە سوریا و١٩١ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە عیراق، لەدژی داعش ئەنجامدراون”.
لە بەیاننامەكەدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەڵێت”هیچ سەربازێكی هێزەكانی ئەمریكا لەو ئۆپەراسیۆنانەدا نەكوژراوە”.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش، لە ساڵی ٢٠١٤ بەسەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان پێكهێنرا و ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لە تێكشكاندنی ڕێكخراوەكە، بە تایبەت كە ڕۆژانە بۆ هاوكاریكردنی هێزە سەربازییەكانی عیراق و هێزەكانی سوریای دیموكرات، چەندان هێرشی ئاسمانی لە هەردوو وڵاتدا دەكردە سەر چەكدارانی ڕێكخراوی داعش.
ڕێكخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی بەسەر ڕووبەرێكی فراوانی خاكی عیراق و سوریادا گرت و بە ناو “خەلافەتی ئیسلامی” ڕاگەیاند، هێزە عیراقییەكانیش لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٧ تێكشكاندنی ڕێكخراوەكەیان ڕاگەیاند و شاری موسڵ و زۆربەی ئەو ناوچانەیان ڕزگاركرد كە پێشتر كەوتبوونە ژێر دەستی ڕێكخراوى داعش.