پەرلەمانی عێراق یاسای پشووە فەرمییەكانی پەسەند كرد، كە جەژنی نەورۆز و یادی كیمیاباران كردنی هەڵەبجەی تێدایە و ئەمەش بۆ یەكەمجارە لە مێژووی عێراقدا و بەتایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و نەمانی دەسەڵاتی سەدام حسێن، یادی ئەو كارەساتە بكرێتە پشوو لە تەواوی وڵاتدا.
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوار شەممە كۆبووەوە و دوای هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و دەنگدان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی ئەو كۆسیۆنە تاوەكو 6ی 1ی 2025 بۆ سەرپەرشتی كردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، یاسای پشووە فەرمییەكانیشی پەسەند كرد.
بەپێی یاساكە، جەژنەكانی ڕەمەزان و قوربان و ڕۆژانی هەینی و شەممە و سەری ساڵی كۆچی و سەری ساڵی زایینی و یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر (د.خ) لە 12ی ڕەبیع اڵاول و 1ی ئایاری جەژنی كرێكاران كرانە پشووی فەرمی.
هەر بەپێی یاساكە، 16ی ئادار بەبۆنەی یادی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە و 21ی ئادار بەبۆنەی نەورۆز و 18ی زیلحیجە بەبۆنەی جەژنی غەدیر و 10ی موحەڕەم بەبۆنەی شەهید بوونی ئیمامی حسێن كرانە پشووی فەرمی.