یەکێتی تانە لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان دەدات سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی کورسی کۆتاکان و داوا دەکات بازنەی هەڵەبجەش لە کورسی کۆتای پێکهاتەکان بێبەشنەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، تەلار لەتیف لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند:” بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن لەبارەی دابەشکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لەپەرلەمانی کوردستان بڕگەی نایاسایی تێدایە و تانەمان لەبڕیارەکە داوە”.
وتیشی: “بەپێی بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، ٥ کورسی لەکۆی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان بۆ کۆتای پێکهاتەکان دیاریکراوە، کە دابەشکراون بەسەر هەر ٣ بازنەی هەولێر و سلێمانی و دهۆکدا، بەڵام بازنەی هەڵەبجەی لێ بێبەشکراوە و داوا دەکەین ئەو بازنەیەش کورسی کۆتای بۆ دابنرێت”.
لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتی ڕاشیگەیاند: “دەمانەوێت پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان لەپەرلەمانی کوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی داکۆکی لەمافە ڕەواکانی خۆیان بکەن، بۆ ئەمەش یەکێتی پشتیوانیان دەبێت”.