دوابەدوای بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی بۆ هاوتاكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ عێراق و هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی هەرێم و كاركردن بە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتا دەكرێت و زیاتر لە 200 بۆ 300 هەزار دینار دەچێتە سەر مووچەی خانەنشینان.
ڤیان مەحمود، بەڕێوەبەری هۆبەی سەربازیی لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی ڕایگەیاندووە، لیژنەیەکی تایبەت پێکهاتووە بۆ ئەنجامدانی ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم بە بەغداد و کارەکان جێبەجێ کراون و چاوەڕێی ئەوەن بڕیارەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەبارەی چۆنیەتی زیادبونی مووچەی خانەنشینانی هەرێمەوە وتی، “هەر خانەنشینێک پێش 1/1/2014 مووچەکەی 200 هەزار بێت ڕاستەوخۆ دەبێتە 320 هەزار و 100 هەزاریش مینحە وەردەگرێت و بەوەش دەبێتە 420 هەزار دینار”.
ئاشكراشی كردووە، ئەو حاڵەتانەی دوو کەس مووچەی خانەنشینی وەردەگرن مووچەکەیان لە 200 هەزارەوە دەبێتە 360 هەزار و 100 هەزار مینحەش وەردەگرن و مووچەکەیان دەبێتە 460 هەزار دینار.
لەبارەی ئەو کەسانەی خۆیان لە ژیاندان ڤیان مەحمود ڕوونی كردەوە، “ڕاستەوخۆ مووچەکەیان دەبێتە 500 هەزار و 100 هەزار مینحەیان دەبێت، گەر بڕوانامە و خزمەتیشیان زۆر بێت ئەوا بەپێی بڕوانامە و ساڵی خزمەتەکەیان مووچەکەیان تا 800 هەزار دینار دەڕوات”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانییەوە ناوی زیاتر لە چوار هەزار و 600 خانەنشینیان ڕەوانەی بەغدا کردوە بەمەبەستی هاوتاکردنی مووچەکانیان.
بەپێی زانیارییەكان، وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی داوە بە زیادکردنی مووچـەی خـانـەنشینانی هـەرێم ، بە گوێرەی بڕیارەکە ئەوانەی بڕوانامەی بەرز و خزمەتی زیاتریان هەیە مووچەکانیان زۆر زیاد دەکرێت.
شاندێکی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بۆ چەند داواکارییەکی پەیوەست بە مووچەکانیان سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبوونەوە، سەرۆکی شاندەکەش دەڵێت، سەرۆکی دادگای فیدارڵی پێی گوتوون، “پێویستە مووچەی خانەنشینان هاوتا بکرێت”.