بەهۆی ڕووداوی دیارنەمانی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە، سەرەڕای داخرانی بازاڕی دراوەكان، بەڵام بەهای تمەنی ئێرانی بەشێوەیەکی بەرچاو و کتوپڕ ڕووی لە دابەزین كرد.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە و ئێستا 100 دۆلار بە 6 ملیۆن تمەنە بە حەواڵە و بە 5 ملیۆن و 800 هەزار تمەنە بە كاش.
ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەكرێت بۆ بەیانی نرخەكەی زیاتر دابەزێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ لە یەکێک لە شارەكانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە ئێران، هەلیکۆپتەرێکی هەڵگری سەرۆک کۆماری ئێران و شاندی یاوەری، تووشی ڕووداوێک بووە و تا ئێستا تیمە فریاگوزارییەكانی ئەو وڵاتە بەدوایدا دەگەڕێن.