وەزیری شارەوانی بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بڕیاریدا



وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی خێراکردنی ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی لەگەڵ سەرجەم شارەوانییەکان کۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، پێویستە لە سنووری شارەوانییەكان زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت و ئەو شارەوانییانەی كە زەوییان نییە لە شوێنی دیكە دابینی بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەممە 19/5/2024، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی و یاسا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆكی شارەوانییەكانی سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ڕێكارەكانی دابەشكردنی زەوی بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی شارەوانی، بەدواداچوون بۆ كارەكانی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی كرا، كە لە چەند ڕۆژی پێشوودا لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە داوا لە سەرجەم شارەوانییەكان كرابوو دەست بە ڕێكارەكانی پرۆسەكە بكەن و لەسەر نەخشە، زەویی پێشنیازكراو دەستنیشان بكەن لەگەڵ دیاریكردنی كێشە و گرفتەكانیان، ئەمڕۆ سەرجەم شارەوانییەكان نەخشەكانیان ڕادەستی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەو كێشە و گیروگرفتانەی لە پرۆسەی دابەشكردنی زەویدا دێنە بەردەم شارەوانییەكان و بابەتی دابینكردنی زەوی و كوژاندنەوەی زەوی و فراوانكردنی ماستەرپلانی هەندێك لە شارەوانییەكان تاوتوێ كران.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی قسەكانیدا، جەختی لەسەر جدیەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دابەشكردنی زەوی كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد، پێویستە لە سنووری شارەوانییەكان زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت و ئەو شارەوانییانەی كە زەوییان نییە لە شوێنی دیكە دابینی بكەن.

جەختیشی لەسەر دیاریكردنی ستافێكی تایبەت لە شارەوانییەكان بۆ ڕووپێویكردنی زەوی و بەڕێوەبردنی پرۆسەكە كردەوە و وتی، “دابەشكردنی زەوی لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانە و پێویستە ئەو پرۆسەیە بە خێرایی و بە ڕێكوپێكی بەڕێوە بچێت”.

دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران كۆتایی دێت
پێت دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران كۆتایی دێت
هەمواری یاسا بودجە پەسەند کرا و ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت
دوات هەمواری یاسا بودجە پەسەند کرا و ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت
پەیوەنیدر