نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریدا لەوەی قەبارەی پاشەڕۆ لە جیهاندا کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتە ٢.٣ ملیار تۆن، بەردەوام دەبێت لە گەشەسەندنی بەردەوام و تا ساڵی ٢٠٥٠ بۆ ئاستی دوو لەسەر سێ زیاد دەکات، ئەمەش بەهۆی نەبوونی هەنگاوی پێویست بۆ کەمکردنەوەی، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بواری تەندروستی و ئابووری دەبێت لە داهاتوودا.
بەم خێراییە پاشماوەی ماڵان (بەبێ پاشماوەی پیشەسازی و بیناسازی) پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ بگاتە ٣.٨ ملیار تۆن، ئەمەش لە چاوەڕوانییەکانی ڕاپۆرتی پێشووی بانکی نێودەوڵەتی زیاترە.
ئەوەی کێشەکە گەورەتر دەکات ئەوەیە، زیادبوونی قەبارەی پاشماوەکان تادێت زیاد دەبێت لەو وڵاتانەی کە بێ بەرنامە مامەڵەی پاشماوەکان دەکەن، بە بەکارهێنانی زبڵدان و سووتاندنی کراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک و دەردانی گازی میسان.
لە ڕاپۆرتی پرۆگرامی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان، وا بڵاوکراوەتەوە: “سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە دراون، بەڵام گۆڕانکارییەکی کەم بەدیهاتووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “مرۆڤایەتی لەم بوارەدا پاشەکشەی کردووە، پاشماوەی زیاتری هەیە و، “ملیاران کەس پاشماوەکانیان کۆناکرێتەوە”، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری پاشماوەکان لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان کۆدەکرێنەوە، بەڵام ڕێژەی ئەوەی لە وڵاتانی کەمداهاتدا کۆدەکرێنەوە لە سەدا ٤٠ی کۆی پاشماوەکان زیاتر نییە.
لە ڕاپۆرتەکەدا، بڵاوکراوەتەوە، ساڵانە لەنێوان ٤٠٠ بۆ یەک ملیۆن کەس بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی نادروستی پاشماوە (سکچوون، مەلاریا، نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و شێرپەنجە) گیان لەدەستدەدەن.
پاشماوەکان بەتایبەت پاشماوەی کانزا قورسەکان تێکەڵبوونیان بۆ ناو خاک و ئاوی ژێر زەوی و سووتاندنی پاشماوە لە هەوای کراوەدا بەرگەهەوا پیس دەکەن وتەنها شیبوونەوەی پاشماوەی ئۆرگانیک لە زبڵدانەکاندا بەرپرسە لە ٪٢٠ی دەردانی میسان، کە هۆکارە بۆ گەرمبوونی زەوی .
لە ڕاپۆرتەکەدا هۆشداری دراوە؛ تێچووی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی پاشەڕۆ لە جیهاندا تا ساڵی ٢٠٥٠ ساڵانە بۆ ٦٤٠ ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە ئەگەر هیچ ڕێوشوێنێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە نەگیرێتەبەر.