تورکیا لە ژێر ڕۆشنایی بێدەنگی حکومەتی عێراق ڕێککەوتنە ئەمنییەکان بۆ زیادکردنی بنکەکانی لە هەرێمی کوردستان دەقۆزێتەوە و خاکەکەی بۆ دروستکردنی بنکە سەربازییەکانی زەوت دەکات.
رۆژنامەی(العرب)ی لەندەنی لە راپۆرتێکیدا، بە ئاماژەدان بە سەرچاوە کوردیەکان بڵاویکردووەتەوە؛ تورکیا سەرقاڵی بنیاتنانی بنکەی سەربازی نوێیە لە پارێزگای دهۆک بە سوود وەرگرتن لەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەیەتی، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە ئاشکرا بکات، لە کاتێکدا بەشێک لە لایەنی کوردی لە هەرێم دەڵێن؛ ئەو ڕێککەوتنە شەرعیەتدانە بەبوونی تورکیا لە خاکی عێراقداو هانی ئەنقەرە دەدات بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی زیاتر و بەردەوامیدان بە هێرشەکانی بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی.
ڕۆژنامەکە دەڵێت؛ بەردەوامی دروستکردنی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا، بابەتێکی نوێ نییە و بێدەنگیی حکومەتی عێراق هۆکارە بۆ زیاتر پێداگیری تورکیا بۆ مانەوە لە خاکەکەیدا بە بیانووی جۆراوجۆر، ئەگەرچی بڕیاربوو بوونی سەربازی تورکیا لەسەر خاکی عێراق خاڵی سەرەکی گفتوگۆ بێت لە سەردانەکەی ئەم دواییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا.
عەلی ئەلبەنداوی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لەمبارەیەوە، دەڵێت، “دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی نوێ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک، ئاماژەیە بۆ بوونی نیازێکی داگیرکاری تورکیا لە عێراق و ئەمەش پێویستی بە نیەتێکی جیددی و هەڵوێستێکی پتەوی حکومەت هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم داگیرکارییە سەربازییە”.
دوای دیداری لەگەڵ ئەردۆغان، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند؛ لەسەر چەند لایەنێکی هاوکاری ئەمنی ڕێککەوتوون تا ببێتە هۆی سەقامگیری لە نێوان هەردوو وڵاتداو ئاماژەی بەوەشکرد، “پابەندین بەوەی ڕێگە نەدەین هیچ هێزێک خاکی عێراق بەکاریبهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ” کە ئەمەش مانای ئەوەیە ڕێککەوتنی ئەمنی بە ئاراستەیەکدا لا سەنگ بووە، کە لە بەرژەوەندی تورکیادایە.
جێی باسە سوپای عێراق لەم دواییانەدا لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان، بۆ یارمەتیدانی سوپای تورکیا لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاوەیان پێکراو چاودێران ئەم هەنگاوە بە دەستپێکی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە دەزانن.
ئەلبەنداوی دەشڵێت؛ هێزەکانی تورکیا بەپێی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان بە هێزی داگیرکەر هەژمار دەکرێن، و دەبێت فشار بخرێتە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بەم داگیرکارییە.
لای خۆیەوەهاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند؛ “ئێمە بە ئاشکرا لەگەڵ سلێمانی قسە دەکەین، کۆبوونەوە هەیە و بۆ رای گشتی ئاشکرا ناکرێ، چونکە وەک پێشووتر وتم سلێمانی شارێکی دێرینە، سلێمانی، موسڵ، کەرکووک، هەولێر و زاخۆ، بە واتایەکی دیکە ئەم شوێنانە لە سەردەمی عوسمانییەوە بەردەوام جوگرافیا و کولتووری ئێمە بوون، ئێمە بەشێکین لەوان، ئەوان بەشێکن لە ئێمە، سلێمانی چەندین بیرۆکرات و کەسانی ئایینی و زانای هێنایە ناو دەوڵەتی عوسمانی، بەڕاستی شوێنێکی نایاب و ناوازەیە، بەداخەوە شتێکی بە ئازارە کە بووەتە شوێنێکی وا کە پەکەکە کاریگەری لەسەر دروست دەکات و کۆنتڕۆڵی دەکات.”
دوای ئەم قسانەی وەزیرەکەی تورکیا، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە دیدارێکدا لەگەڵ ئینستتیوتی نیولاینس لە ئەمریکا وتی؛ رێگەى چارەسەرکردنى کێشەى کورد تەنیا گفتوگۆ و دانوستاندنە و یەکێتى پشتیوانى براکانى لە سووریا دەکات و “زانیاریى لەسەر هیچ کوردێک نادەینە وڵاتان”.