بزوتنەوەی گۆڕان: لە هیچ بارودۆخێکدا بێ ئومێد نابین



بزوتنەوەی گۆڕان لە حەوتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:” لە هیچ بارودۆخێکدا بێ ئومێد نابین، بەسەر ئاڵنگاری و سەختیەکاندا زاڵ دەبین و درێژەپێدەری ئامانجە نیشتمانییەکانی نەوشیروان مستەفا دەبین”.

بزوتنەوەکە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە و دەڵێت:” لەم ساڵیادە ماتەمهێنەدا، جەخت دەکەینەوە بزوتنەوەی گۆڕان، وەک دوایین پرۆژەی‌ سیاسیی ڕەوانشاد، درێژەپێدەری‌ ڕوانگە و ئامانجە نیشتمانییەکانی‌ نەوشیروان مستەفا دەبێت، بەشێوەیەک لە هیچ بارودۆخێکدا بێ ئومێد نابین و بە پشتیوانی خوا و خەڵکی کوردستان بەسەر ئاڵنگاری و سەختیەکاندا زاڵ دەبین”.

‎راشیگەیاندووە، نەوشیروان مستەفا، لە دوای یەکەمین هەڵبژاردن و پێکهێنانی پەرلەمانی‌ کوردستان، خواستی رادەستکردنی‌ دەسەڵاتەکان بە دامەزراوە نیشتمانییەکان و پێویستبوونی‌ دامەزراندنی‌ سوپای‌ نیشتمانی‌ هەبوو. لە دوای رووخانی‌ رژێمی‌ بەعس بە پێداگیری نەوشیروان مستەفا لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی دیکە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی‌ خەڵکی‌ کوردستان لە دەستوری‌ عێراق چەسپێنران، ئەگەرچی‌ رەوانشاد سەرنج و رەخنەی توندی لەسەر بەشێک لە مادەکانی‌ دەستور هەبوو، وەک راپرسی بۆ یەکلاکردنەوەی خاکی کوردستان لە مادەی‌ ١٤٠ دا.

‎لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە کە ڕچەشکێن و بوێری‌، تایبەتمەندیی “نەوشیروان مستەفا”بوون، دامەزراندنی‌ “بزوتنەوەی‌ گۆڕان”، وەک یەکەمین هێزی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ مەدەنی‌ و پەرلەمانی‌، سەرەڕای ئاڵنگاری و دژایەتییە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان، سەلمێنەری‌ ئەو تایبەتمەندییەی‌ ئەون، هەربۆیە ڕۆڵ و پێگەی مێژویی ڕەوانشاد، تەنیا لە یەک پارچەی کوردستان سنوردار ناکرێ، بەڵکو وەک کارەکتەرێکی نەتەوەیی و نیشتمانی کاریگەریی بەسەر ڕوداوەکانی ئێستا و داهاتوی کوردستان دەمێنێتەوە.

“:پەرەسەندنەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش، پێویستی بە وردبونەوە و بە هەندوەرگرتنی ڕوانگەی سیاسیی کاک نەوشیروان هەیە، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی سیاسیی و دانانی نەخشەڕێگایەکی کوردستانی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، بەتایبەت دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکان و پرسی وزە، هاوکات زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گەڕانەوە بۆ ڕەوایەتی دەنگی خەڵک و بەهێزکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێم” بزوتنەوەی گۆڕان وادەڵێت.

سبەینێ یەکشەممە ١٩-٥-٢٠٢٤، حەوت ساڵ بەسەر کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا تێپەردەبێت.

گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دواخرا
پێت گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دواخرا
بە چەکوش لەناو مزگەوتدا کەسێک بریندار کرا
دوات بە چەکوش لەناو مزگەوتدا کەسێک بریندار کرا
پەیوەنیدر