دوابەدوای ڕێككەوتنە چوار قۆڵییەكەی (عێراق و توركیا و ئیمارات و قەتەر) بۆ ڕێگای گەشەپێدان، حكومەتی عێراق ڕاكێشانی هێڵی شەمەندەفەر دەخاتە بواری جێبەجێ كردنەوە و بەندەری فاو بە دهۆك و توركیاوە دەبەستێتەوە.
كۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسنینی عێراقی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، شەمەندەفەری خێرا دەكەوێتە كار بە تێكڕای 4 كاتژمێر لە ڕۆژێكدا بۆ گواستنەوەی گەشتیاران و هاووڵاتیان و پلانیان هەیە بۆ گواستنەوەی 13 ملیۆن گەشتیار لە ساڵێكدا لەڕێی “ڕێگەی گەشەپێدان”ەوە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو ڕێگای گواستنەوەیە تەنها تایبەت نابێت بە گواستنەوەی دەرەكی، بەڵكو یارەمەتیدەر دەبێت بۆ گواستنەوەی ناوخۆیی و 12 كاتژمێر تەرخان دەكرێت بۆ گواستنەوەی كاڵا و كەلوپەل و 6 كاتژمێری ڕۆژانەش بۆ چاكسازی لە هێلەكانی شەمەندەفەرەكە و خودی شەمەندەفەرەكاندا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پلانیان هەیە بۆ درێژكردنەوەی هێڵی ئاسنی و بەستنەوەی بەڕێگاكانی دیكە تاوەكو ڕێگەی گەشەپێدان سەرجەم پارێزگاكان بگرێتەوە بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
ئاشكراشی كردووە، ڕێگای شەمەندەفەرەكە لە فاو دەستپێدەكات و دەڕوات بە نەخشەی عێراقدا لە باشوور بۆ باكوور بە 10 پارێزگادا دەڕوات تاوەكو دەگاتە پارێزگای دهۆك و سەر سنووری توركیا و درێژییەكەی 1200 كیلۆمەترە.
كۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسنینی عێراقی ڕوونیشی كردۆتەوە، سەرجەم دۆسیە هونەرییەكان و كێشەلەسەرەكان بە درێژی 1170 كیلۆمەتر چارەسەر كراون و تەنها 30 كیلۆمەتر ماوە لە باكووری ڕەبیعە بۆ پیشخابوور لە كۆتایی باكووری دهۆك.