كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ دەستی پێكرد و 4 كەس لە فراكسیۆنە سوننییەكان كاندیدن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكرد بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار و تیایدا چەند پرسێك لەخۆدەگرێت، كە گرنگترینیان هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانە.
ڕاشیگەیاند، لە پشكی سوننە 4 كەس كاندیدن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، كە بریتین لە “سالم عیساوی و تەڵاڵ زوبەیعی و عامر عەبدولجەبار و مەحمود مەشهەدانی”.
بە وتەی سەرچاوە پەرلەمانییەكە، هەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەنگ درا لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی وەرزی یاسادانان بۆ 30 ڕۆژ، تاوەكو لەو ماوەیەدا دەنگ بدرێت لەسەر خشتەكانی بودجەی 2024 و درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، كە هەر ئەمڕۆ خوێندنەوەی بۆ كراوە.