بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە دژی سەپاندنی سزای زیندانیی بەسەر سیاسەتمەدارانی کورد، لە باکووری کوردستان و تورکیا گردبوونەوەی ناڕەزایی دەدرێت.
ئەمڕۆ هەینی، ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان “دەم پارتی” لە کۆنگرەیەکی ڕؤژنامەوانیدا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ڕایگەیاند، سبەینێ شەممە لە ئامەد، ئیستانبوڵ و ئەدەنە گردبوونەوەی ناڕەزایی لە دژی بڕیارەکانی دادگای سزا قورسەکانی تورکیا ئەنجام دەدەن.
ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند، ئەو بڕیارانە بە فەرمانی سیاسیی دراون، بە ملیۆنان کەس دەنگی خۆی داوە بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، ئەوان ئیرادەی ملیۆنان کەسن.
وتیشێ داوا دەکەین کە هەموومان پێکەوە لە دژی نادادپەروەرییەکانی دۆزی کۆبانێ دەنگ هەڵبڕین.
دوێنێ دادگای تورکیا سزای 42 ساڵ زیندانی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش و 30 ساڵ زیندانی بەسەر فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلاندا سەپاند، هەروەها ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری کوردیشی بە 10 ساڵ زیندانی سزا دا.