لە دەستکەوتێکی نوێدا و هەنگاوێکی گەورە پارێزگای هەڵەبجە بە فەرمی بووە ئەندامی تۆڕی شارە بەهێزەکان لە جیهاندا.
پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ناساندن و بەرزکردنەوەی پێگەی هەڵەبجە لەسەر ئاستی جیهان و هاوشانی ئەو شارانەی کە ئەندامن لە تۆڕی شارە بەهێزەکانی جیهان بەخۆشحاڵییەوە هەڵەبجە لەم تۆڕە کاریگەرەدا وەک ئەندام قبوڵکرا.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم ئەندامێتییە دەرفەتێكی گرنگە بۆ هەڵەبجە لەکاتێکدا دەرگاکان بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەکاتەوە، ڕێگا خۆش دەکات بۆ ئەو پڕۆژانەی کە ئامانجیان بەهێزکردنی گەنجان و ڕەخساندنی هەلی کار و پاڵپشتیکردن و پێشخستنی کەرتی گەشتیارییە،
باس لەوەشکراوە، ئەم ئەندامێتییە هەڵەبجە دەكاتە ناوەندێك بۆ ئەنجامدانی چالاكی و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی و وۆرک شۆپ بۆ شارەکان و هەڵەبجە وەك پایتەخی ئاشتی دەهێنێتە ئاراوە، ئەمەش ڕێگەمان پێدەدات ئەزموون، پێویستی و نمونە باڵاكان دەربارەی ئاشتی و پێكەوەژیان لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی و ئەندامانی تۆڕەکەدا باس بکەین.
ئەوەشخراوەتەڕوو، وەک پارێزگای هەڵەبجە ئەم دەرفەتە بەکاریدەهێنین بۆ خۆشگوزەرانی و گەشەپێدانی هەڵەبجە. پێکەوە بەردەوام دەبین لە بنیاتنانی ئایندەیەکی گەش بۆ پارێزگاكەمان، ئەزموون و توانای گەنجانی هەڵەبجە بۆ ئاشتی و پێشکەوتن دەبەینە سەر شانۆی نێودەوڵەتی.