ڕووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 لە چەند شارێکی تورکیا بە تایبەت شارە کوردییەکان دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ روویاندا.
لەوکاتەدا هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
دوای ڕەتکردنەوەی ئەو داواکارییە، لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاند و هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەپێکرا.
بەڵام ئەمە دۆخەکەی هێور نەکردەوە و گرژییەکان زیادبوون، و گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران دروستبوو، لە ئاکامی ئەو گرژییانەدا 46 هاووڵاتی و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران.
دوابەدوای ئەو ڕووداوانە حکومەتی تورکیا لە رۆژی 4ی کانوونی دووەمی ساڵی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە و لایەنگرانی دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگا، خرانە زیندانەکانەوە.
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی 26ی نیسانی 2021بوو، هاوکات لە 22هەمین دادگای سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-05-2024، دادگای ئەنقەرە لەسەر دۆسیەی کۆبانێ، ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانی مێردینی بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا دا.