هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێت



ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق هۆکاری بەردەوامی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران ئاشکرا دەکات و دەڵێت:”بە بۆچونی من کێشەی دواکەوتنی موچە پەیوەندیدارە بە دوو بابەتەوە، بابەتی یەکەم دەستپێنەکردنی (تەوتین)ە کە لە ڕونکردنەوەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هاتبوو، مەرج ئەوەیە ئەو پڕۆسەیە دەستپێبکات. دووەمیش بابەتی داهاتی نانەوتی و فیدراڵییە”.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە  و دەڵێت:” من وای نابینم کە کێشەی دواکەوتنی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کێشەی سیاسی بێت، چونکە ئێستا پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد باشن، سەرۆکی هەرێم لەبەغداد بووە،بەڕاستی نەدەبوو ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوابکەوێت، چونکە بەپێی بڕیاری

دادگای فیدراڵی، سەرۆکوەزیرانی عێراق مولزەم دەکات بەتەمویلی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەرێمیش بەپێشکەشکردنی هەرداتا و زانیارییەکی فەرمانبەران بۆ بەغداد.

“بە بۆچونی من کێشەی دواکەوتنی موچە پەیوەندیدارە بە دوو بابەتەوە، بابەتی یەکەم دەستپێنەکردنی (تەوتین)ە کە لە ڕونکردنەوەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هاتبوو، مەرج ئەوەیە ئەو پڕۆسەیە، دووەمیش بابەتی داهاتی نانەوتی و فیدراڵییە کە ئەمەش ڕای جیاوازی لەسەرە کە چ داهاتێک دەگرێتەوە بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی”، شیروان میرزا وادەڵێت.

راشیگەیاندووە، ئەو داواکاریەی وەزارەتی دارایی عێراق کە داوای کردبوو لیستی فەرمانبەران بەچاپکراوی بنێردرێت، لەکاتێکدا خۆی بە رێگەی سیدی و ئیمەیلەوە لەلای بێ و تەنها پێویستی بەوە بێت کەخۆی چاپی بکات، بەڕاستی ئەوە مەهزەلەیە و بەشێکە لەئاڵۆزکردن. بەڕاستی داواکارییەکی نالۆژیکی و نامەعقول بوو. ئەگەر هۆکاری نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوە بێت، ئەوا حەقە ئەگەر وڵاتەکە وڵاتێکی دامەزراوەیی و یاساییە، ئەوا ئەو کەسانە دادگایی بکات کە پانزە ڕۆژە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمییان لەسەر شتێکی وا نالۆژیکی دواخستووە.”

ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران ماژەی بەوەشکردووە تائێستاش بەشێک لە بەغداد بەعەقڵیەتێکی شۆڤێنی مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن و بڕوایان بەفیدراڵی نییە، ڕاستە ڕەنگە زۆر نەبن، بەڵام دواجار ڕەنگە کاریگەرییان هەبێ، بەڵام من پێموایە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئیستیجابەی دروست و خێرامان بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق نەبوو. من جاری تریش وتوومە لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا باشترین بڕیار کە بۆ گرفتی موچە دەرچوبێت ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵییە، بەداخەوە دەبوو هەرێم بە پەرۆشتر بووایە لە حکومەتی عێراق لەبەدەمەوەچونی ئەو بڕیارە، چونکە کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەئەستۆ نەدەما، نەدەبوو لەسەر (هەژماری من) گرفت دروست بکەین.”

دەشڵێت:”حکومەتی هەرێم سورە کە تەوتین بەمجۆرە جێبەجێبکرێت، ئەو بڕە پارەیەی لەبەغدادەوە بۆ موچەی فەرمانبەران تەرخان دەکرێت بخرێتە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی هەرێم، وەزارەتی دارایی هەرێمیش لە ڕێگای خۆیەوە دەیداتە ئەو بانکانەی کە لە هەژماری مندا بەشدارن و دواجارلە ڕێگای ئەوانەوە بدرێتە موچەخۆر”.

شیروان میرزا باسیلەوەشکردووە، سودانی دەیەوێ کێشەی موچەی هەرێم چارەسەر بکات، خاڵی لاواز و بیانووش لەهەرێمەوە هەیە، بۆ نمونە ئەم پێداگریەی لەسەر هەژماری من. بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم وتویەتی ئەگەر حکومەتی عێراقی هەژماری من قبوڵ نەکات ئامادەین هەموو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بکەینە قوربانی. خۆ من لە100% دژی هەژماری من نیم، دەکرێت بەشێک بێت لە پڕۆسەکە، نەک هەموو پڕۆسەکە قوربانی بکرێت لەو پێناوەدا. من بومایە ئەگەر دڵنیابومایە کەموکوڕی لە حکومەتی هەرێم نییە، ئەم مانگە لەسەر لیستی چاپکراو و ناوی فەرمانبەران کە موچەی فەرمانبەرانی 15 ڕۆژ دواخستووە ئەوا پەنام دەبردە بەردەم دادگای فیدراڵی، حەقە نوێنەرانی کورد و حکومەتی هەرێم بیر لەو هەنگاوە بکەنەوە تا مانگەکانی تر وەزارەتی دارایی هەمان شت دووبارە نەکاتەوە و شتەکە ببێتە ئاسایی.”

پێنج کەس بە تای خوێنبەربوون لە عێراق گیانیان لەدەستداوە
پێت پێنج کەس بە تای خوێنبەربوون لە عێراق گیانیان لەدەستداوە
وەزارەتی دارایی کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری راگەیاند
دوات وەزارەتی دارایی کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری راگەیاند
پەیوەندیدار