ئەمڕۆ پێنج شەممە بانكی ناوەندی عێراق خستنەبازاڕی دۆلاری زیادكرد.
ئەمڕۆ بانكی ناوەندی عێراق، بڕی 84 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش دوای دوو هەفتە لە دابەزاندنی بڕی خستنەبازاڕی دۆلار بۆ دەوروبەری 60 ملیۆن دۆلار.
بڕیارە لە یەكەم ڕۆژی دوای پشووەكانی سەری ساڵەوە، بانكی ناوەندی 127 ملیۆن دۆلار بخاتە بازاڕەوە.
بانكی ناوەندی دوێنێ ڕایگەیاند، ڕێوشوێنەكانی دابەزاندنی بەهای دۆلاریان دەستپێكردووە و لە ئەوچوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ پێنج شەممە نرخی 100 دۆلار بۆ 151 هەزار و 500 دینار دابەزی.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی كەمبوونەوەی خستنەبازاڕی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە لەژێر گووشارەكانی ئەمریكادا، نرخی 100 دۆلار گەیشتە 160 هەزار دینار.
ئەمریكا نیگەرانە لەئەوەی لە عێراقەوە دۆلار ڕەوانەی ئێران و توركیا و لوبنان و سووریا دەكرێت، بەتایبەت كە كاریگەری لەسەر خاوبوونەوەی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران هەیە.
بانكی ناوەندی عێراق ڕایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار كاتییە و هیچ مەترسییەك لە ئارادانییە، ڕەوشی عێراقیش هاوشێوەی لوبنانی لێ نایەت.