وتەبێژی پارتی ئازادی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ئێران لەشكركێشی بكاتە سەر هەرێم باجێكی هاوشێوە دەدات كەعێراق كردیە سەر كوێت.
خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی كوردستان لەبارەی هەڕەشەكانی ئێران بۆسەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان و هەرێمی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەڕەشەكانی ئێران بۆسەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵات تەنها بیانووە، چونكە ئێمە لەدوای دروستبوونی پەڕلەمان و حكومەتی هەرێم جۆرێك قوربانیمان بەخەباتی چەكدارانەی خۆمان داوە و هیچ كەسێك لەباشووری كوردستانەوە نەچووەتەوە ڕۆژهەڵات.
دەشڵێت، ئێران دەیەوێت هەرێمی كوردستان وەكو باشووری لوبنان و عێراق لێبكات، تاوەكو سەركردایەتی سیاسی كورد تەسلیمی ئیرادەی خۆی بكات، بەڵام تائێستا هەرێمی كوردستان هیچ جۆرە فشارێكی بۆ ئێمە نەهێناوە، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لەبەغداد وەڵامێكی جوانی دایەوە كە ئێمە بەتیرۆرست نازانێ و دەركردنیشیان ئەركی حكومەتی هەرێم نییە.
خەلیل نادری، ئەوەش دەخاتەڕوو، لەوە تێ دەگەین ئێران و بەغداد فشارێكی گەورەیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێمان وانییە ئێران هێرشی زەمینی بكاتە سەر خاكی هەرێم، بەڵام هێرشی درۆن و مووشەك هەر دەمێنن.
باسی لەوەشكرد، ئەگەر ئێران لەشكركێشی بكاتە سەر هەرێم باجێكی هاوشێوە دەدات كەعێراق كردیە سەر كوێت، بۆیە نە لە توانای ئێراندایە ئەو هێرشە بكات، نە وڵاتانی دنیاش قبوڵی كردەوەیەكی لەم شێوەیە دەكەن.