بافڵ تاڵەبانی: دەبێت هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت



سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان “لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا” دەکاتەوە.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ فیلیپ گۆردن، یاریدەدەری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.

نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سیاسی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان و عێراق و پرسی هەڵبژاردن گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی دووپاتکرایەوە.

بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لەکاتی دیاریکراوی خۆی و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکە کرد تاوەکو ببێتە هەنگاوێکی گرنگ بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری لە حوکمڕانی و گەشەکردنی دیموکراسی لە ناوچەکە.

هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆکی یەکێتی وتی، مەترسییەکانی تیرۆر بەردەوامن و تاوەکو ئێستا هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر سەقامگیریی ناوچەکە، بۆیە جەخت لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەینەوە بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی، فیلیپ گۆردن باسی لە گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە و وتیشی، پێویستە سەقامگیریی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق پارێزراوبێت و هەوڵەکان لەو چوارچێوەیەدا بێت.

بانکی “TBI” فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە
پێت بانکی “TBI” فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە
پەروەردە لەبارەی وەرگەڕانی مینی پاسێکی خوێندکاران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
دوات پەروەردە لەبارەی وەرگەڕانی مینی پاسێکی خوێندکاران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
پەیوەندیدار