خالید سلێمان
بەبێ ئەوەی پێشتر لەناو میدیا و ڕووبەری گشتییدا هیچ زانیارییەک بڵاوکرابێتەوە، دوێنێ کۆنفراسێک لەژێر ناونیشانی (کۆنفرانسی وشکەساڵی و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر سیاسەت، ئابووری، دیمۆگرافیای عێراق) لە هەولێر دەستی پێکرد و ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.
هەموو ئەو زانیاریانەی دەربارەی ئەم کۆنفرانسە بڵاوکرانەوە بریتی بوون لەوەی کە “عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە خراپی گۆڕانكاریی ژینگەیی كەمبكاتەوە، ئەوەش لە طێگای دروستكردنی چەندین بەنداو و گلدانەوەی ئاو بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان”، ئەوەی لەناو کەوانەدایە قسەی سەرۆکی کۆماری عیراقە.
هەرچی سەرۆکی هەرێمی هەرێمی کوردستانیشە، زانیارییەکانی دەربارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا هەر ئەوەندە بڕ دەکەن بڵێت: “دهبێ بايهخ و گرنگيى تايبهت به پرۆژهكانى بهنداو و پۆندى گلدانهوى ئاو له ههرێمى كوردستان و تهواوى عێراق بدرێت، گرنگه لهم بوارهدا و بۆ چاندنهوهى دارستانهكانيش حكومهتى عێراقى فيدراڵ يارمهتيى ههرێمى كوردستان بدات.”
کورتکردنەوەی مەسەلەکانی پەیوەست بەگۆڕانکاری کەشوهەواوە لەئاودا، هەڵەیەکە و لەسەر زاری بەرپرسەکانەوە گەیشتووەتە ناو میدیا و ڕووبەری گشتیش، بۆیە هەر باسی گۆڕانکاری کەشوهەوا دەکرێت، ئیتر دروستکردنی پۆندو بەنداو وەک چارەسەرێکی ئەفسوناویی تەماشا دەکرێت، لە ڕاستیدا ئەم تێگەیشتنە، بەشێکە لە تێنەگەیشتنی بەرپرسەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا، چونکە لە پاڵ ئاودا گرفتێکی زۆر هەن، هەندێکیان بەئەنقەست پشت گوێ دەخرێن و هەندێکیشیان بەهۆی لێ نەزانین لە بارەیانەوە.
کاریگەری سوتەمەنی ژێر زەوی (نەوت، گازو خەڵوز)، بەتایبەتی پیشەسازی نەوت، هۆکاری سەرەکیی زۆربوون و چڕبوونەوەی گازە گەرمکەرەوەکانن لە بەرگەهەواو گلدانەوەی گەرما لەسەر زەوی، ئەمە ئەلیف و بای زانستی کەشوهەوایە، بەڵام هەردو سەرۆک بەلایدا نەچوون و پێیان نەووتین لە داهاتوودا چۆن چارەسەری مەسەلەی وزە دەکرێت، ئەمەیان پشت گوێ خستنە.
کاریگەرییەکان گۆڕانکاری کەشوهوا، لە سێ بواری تردا جگە لە ئاو، دەرکەوتوون و زیانەکانیش بەرچاون وەک: بواری یەکەم، لەدەستدانی خاک و بەبیابان بوون کە زریانی خۆڵی بەردەوام دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆیەتی، بواری دووەمیش پەیوەستە بەوەی یەکەمەوە، ئەویش پیسبوونێکی لە ڕادەبەدەری هەوایە کە بە پلەی یەکەم فاکتەری تێکچونی تەندروستی گشتییە.
هەرچی بواری سێیەمە لەدەستدانی هەمە-جۆرییە Biodiversity loss هۆکاری فەرامۆشکردنی ئەم لایەنانە، ئاماژەیەکن بۆ هەژاریی ئاستی تێگەیشتن.
تێبینی و ئاماژە:
لەناووچونی هەمە-جۆریی لە هەرێمی کوردستاندا، جگە هۆکارەکانی کەمئاوی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرماو زنجیرەی خۆراک، دەکرێ دەسدرێژیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سیستمە ژینگەییەکان بەهۆکارێکی سەرەکی دابنرێت، ئەمەش پەیوەستە بە سیاسەتێکی چەوتی دژە-ژینگەیی کە حکومەت و هەردوو حزبی حوکمڕان لە پشتییەوە وەستاون، بە کورتییەکەی، باڵادەستەکانی ناو حزب و حکومەت لە ڕێگەی بزن و کۆمپانیای وەبەرهێنانی خانوبەرەوە، دەستیان گەیشتووەتە ناو سیستمە سروشتییەکان، جگە لەوەش، نەبوونی یاسا و ڕێنمایی ژینگەیی بووەتە هۆی فرۆشتن و لەناوبردنی ڕووبەرێکی زۆری دارستان و ژینگەی سروشتی و گۆڕینیان بۆ باخی دەسکرد و شوێنی نیشتەجێبون لەسەر حیسابی هەمە-جۆریی.