قوباد تاڵەبانی: پێویستە هانی وەبەرهێنەران بدرێت بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەكانیان لە هەڵەبجە



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجەی كرد و لەكۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆكرا لەبارەی میكانیزمی چۆنێتی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری و بەرەوپێشبردنی لەپارێزگاكەدا و بڕیاری دا بە ” پێكهێنانی بۆردێكی تایبەت بۆ چارەسەر كردنی گرفتەكانی وەبەرهێنەران و كەم كردنەوەی ڕۆتین”.

نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڵاویكردەوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، كەپێویستە هانی وەبەرهێنەران بدرێت بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەكانیان لەشارەكەدا بۆ ئەمەش پێویستە لەسەر فەرمانگە حكومیەكان كارئاسانی بكەن بۆ راپەڕاندنی كاروباری وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و خاوەنی پڕۆژەكان لەهەڵەبجە.

جەختیشی كردەوە، كە ئەكرێت وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاكاندا بكرێت بەتایبەت لە گەشتوگوزار و كشتوكاڵ، چونكە ناوچەكە كەشێكی لەباری هەیە بۆ ئەوەی پەرە بەو دوو سێكتەرە بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەی بە پڕۆژەی گەشتوكاڵ-دا و وتی: “گەشتوكاڵ پڕۆژەیەكی گونجاوە بۆ ئەوەی بكرێتە سەرچاوەیەكی داهات و سێكتەرێك بۆ رەخساندنی هەلی كار لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە دەڤەری هەورامانەوە دەستمان بەو پڕۆژەیە كردووە”.

جێگری سەرۆك وەزیران بەگرنگییەوە باسی لەوەكرد، كە پێویستە پردێكی پەیوەندی لەنێوانی ناوەندە ئەكادیمیەكان لەزانكۆ و پەیمانگاكان فەراهەم بكرێت تا دەرچووی زانكۆكان هەڵگری ئەو بڕوانامانەبن كەپێویستن بۆ بازاڕی كار و بەم جۆرەش هەلی كاری زیاتر دەڕەخسێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “بڕیاردرا لەسەر پێكهێنانی بۆردێكی تایبەت بۆ چارەسەر كردنی گرفتەكانی وەبەرهێنەران و كەم كردنەوەی رۆتین لەدامودەزگا حكومیەكاندا بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر و خێراتر خزمەتی شارەكە بكرێت”.

عێراق نرخی كارەبا هەرزان دەكات
پێت عێراق نرخی كارەبا هەرزان دەكات
كەشوهەوای هەرێم دەگۆڕێت
دوات كەشوهەوای هەرێم دەگۆڕێت
پەیوەنیدر