وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێم پڕۆژەیەكی نوێی گەیاندنی خزمەتگوزاری لە 8ی حەسارۆك ڕادەگەیەنێت، كە دروستكردنی 170 شەقامی زۆنەكەیە و 3500 پارچە زەوی لێی سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ دوو شەممە 13ی ئایار، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر سەردانی 8ی حەسارۆكی شاری هەولێریان كرد و دەستپێكردنی پرۆژەیەكی نوێی گەیاندنی خزمەتگوزارییان لە زۆنی (B)ی گەڕەكەكە ڕاگەیاند، كە لەمڕۆوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتەكە، پرۆژەكە بریتییە لە دروستكردنی شەقام بە درێژایی 27 كیلۆمەتر و بڕگەكانی پێكهاتوون لە كاری بڕین و پڕكردنەوە بە بڕی (420,000م3) بۆ 27 كیلۆمەتر لە شەقامە سەرەكییەكانی (12م، 15م، 20م، 30م)ی مەتریی 8ی حەسارۆك.
لە چوارچێوەی بڕگەكانی ئەم پرۆژەیەدا، لەمەودوا كار لە دروستكردنی 170 شەقامی زۆنەكە دەكرێت، كە نزیكەی 3500 پارچە زەوی لێی سوودمەند دەبن، بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكەش سوود لە توانای مرۆیی و ئامێرەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر وەردەگیرێت و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ زۆنەكانی دیكەش بەردەوامی دەبێت.