کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا “ڕۆژئاوای كوردستان”، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە، وادەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە بڕیاربوو لە 30ی ئایار بەڕێوەبچێت، بۆ 11ی حوزەیران دواخست.
لە بەیاننامەکەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندا هاتووە، “ئێمە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانین لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامانجی سەرەکیمان سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانە بە تەواوی و گەیشتن بە شەفافیەت و دیموکراسی”.
ڕاشیگەیاندووە، لە ڕێگەی کارەکانمانەوە لە ماوەی ڕابردوودا و بەو پێیەی فاکتەری کات مەرجێکی بنەڕەتی و زۆر گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان، تێبینیمان کرد، کە ئەو کاتە دیاریکراوە بۆ ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە بڕیار بوو بەڕێوەبچێت لە ٣٠ی ئایاردا، بەس نییە.
جەختیشی كردۆتەوە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بڕیارماندا هەڵبژاردنەکان بۆ 11ی حوزەیرانی داهاتوو دوابخەین، بۆ ئەوەی خشتەیەکی کاتی هاوتەریب لەگەڵ گرنگی ئەو هەڵبژاردنانە دابنێین و ئامادەکارییەکی باشیان بۆ بکەین، بە شێوەیەک لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، کە لەلایەن ئەنجومەنی گەلانی دیموکراتەوە پەسەندکراوە، ناکۆکی نەبێت.