لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەهاوكاری پۆلیسی دارستان، رێكاری و ڕێكخراوی هانای ئاژەڵ دۆستان، هەڵمەتێكی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵە كێوییەكان لە ژێرپردەكەی ناوبازاڕ ئەنجامدا.
گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی داواكاری گشتی سلێمانی و بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئاژەڵە كێویانەی لە ژێر پردەكەی ناوبازاڕی شاری سلێمانی كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت، لیژنەی باڵا و لیژنەی پەلەوەری قائیمقامیەت بەهاوكاری بنكەی بەكرەجۆی پۆلیسی دارستان، پۆلیسی ڕێكاری و ڕێكخراوی هانای ئاژەڵدۆستی هەڵمەتێكیان ئەنجامدا.
وتیشی، لە هەڵمەتەكەی ئەمڕۆ هەینی، توانراوە دەست بەسەر (11) پشیلەی كێوی و هەشت قەفەسدا بگیرێت و بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی ڕادەستی ڕێكخراوی هانا بكرێت.
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیماقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و دەستبەسەر هەمو ئەو ئاژەڵە كێویانەدا دەگیرێت كە كڕین و فرۆشتیان پێوەدەكرێت، ئەو كەسانەشی ئەو كارەدەكەن، ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێنەوە.