قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق نیگەرانی خۆی لە هەوڵەكان بۆ پەكخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەربڕی و رایگەیاند، “دواخستن و پەكخستنی هەڵبژاردن زیانی قەرەبوونەكراو بە پێگەی هەرێم و دامەزراوەكانی دەگەیەنێت”.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی پێنجشەمە بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا، پێشتر هۆشداریمان دابوو كە هەر هەنگاو و هەوڵێك بۆ دواخستن یان پەكخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن زیان بە پێگەی هەرێم و شەرعییەتی دامەزراوەكانی هەرێم دەگەیەنێت.
وتیشی، “پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و داهاتووی هەرێم و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان لە چارەنووسێكی نادیاردا نەهێڵدرێتەوە”.
جەختیشیكردەوە كە هەڵوێستیان سەبارەت بە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا روونە و لە نیگەرانیانەوە بەرامبەر بە داهاتووی هەرێم سەرچاوەی گرتووە”.