هونەرمەندان لە دوای مردنیان دەبنە سەرمایەی نیشتیمان



بارزان جەعفەر

ناشاد بەهەستێکی پڕ لە ئیستاتیکا و دوو چاوی جوانبینی و دوو دەستی پڕ لە ڕەنگ خەیاڵەکانی ڕەنگ دەکرد، گوزارشتی لە ڕابردوو دەکرد، لە ئێستادا دەژیا، ئازادی، خۆشەویستی نیشتیمان و نەتەوە، خەیاڵی گەورەی پشتی تابلۆکانی بوون.

لەو بێ نەواییەیدا وێنەی چەقی شاری کێشابوو، لەکاتێکدا کونجێکی دڵنیایی نەبوو تێیدا بژی.

خۆی وتی: “ئەگەر لە کەلاویەکیشدا بژیم هەر وڵاتی خۆمە خۆشم دەوێت ئەوە نیشانەی خۆشەویستی بێ بەرامبەر بوو لەبێ خاکیدا خاکی خۆشدەویست ’’ لەسەرمان پەنای بۆسوتاندنی بەنرخترین دەستکەوتەکانی ژیانی بردبوو کە تابلۆکانی بوون.

ناشاد بۆ کێشانی هەر تابلۆیەک لەوانەیە دەیانجار شکابێت، بە گشتی هونەرمەندان لە دوای خۆیانەوە کار و بەرهەمەکانیان دەبنە جێگەی باس و نرخاندنیان بۆ دەکرێت، ئەوەش ئەو کاتەیە کە ئەو نرخاندنە هیچ دادی هونەرمەند نادات.

ئێستا تابلۆکانی بۆ فرۆشتن نمایش بکرێن هەزاران دۆلاریان پێدەدرێت، لە کاتێکدا کە لەژیاندا بوو  ڕۆژی ژیانی هەبووە پێویستی بە چەند دۆلارێک هەبووە کە نەیبووە، تاوەکو خۆی لە ژیاندا مابوو کەس نرخی خۆی و شاکارەکانی نەدەزانی، پیاوێکی جوان بوو لە ژێر چەرمەسەریدا ژیا، بەگشتی هونەرمەندان و نوسەران لەژیاندا توشی بەرکەوتەی سیاسی، ئابوری، ئاینی و کۆمەڵایەتی و هتد … دەبن،  زۆربەیان شایەنی ئەو ژیانە نین کە تێیدا دەمردن.

کورد خاوەنی سەدان سەرمایەی هونەری و ئەدەبین، لەوانە؛ فەرهاد پیرباڵ، ڕۆستەم ئاغالە، ئەحمەد سالار، خەسرەو جاف و دەیانی تر، لە دوای مردنیانەوە دەزانین چ دووڕ و گەوهەرێکی نەتەوایەتیمان بوون، ئەوانە جێگەی فەخری میلەتێکن، پێیان مەڵێن شێت،کافر، سەرلێشێواو، ئێوە دەتوانن پەراوێزیان بخەن بەس مێژوو نا.

بەداخەوە ئەم نرخاندنە بۆ کارەکتەری هونەرییەکان لە دوای مردنیان دۆخێکی جیهانییە و مرۆڤ دوای مردنی کەسەکان باشیەکان و دەستکەوتەکانی بیردەکەونەوە، بۆ نمونە (ڤان کوخ) کە شانازییەکی گەورەی هۆڵندییەکانە تابلۆی پێڵاوە شڕەکانی بوو بە شاکار کە گوزارشت بوو بۆ ژیانێکی ناهەموار، یاخود تابلۆکەی نیگار کێشی بە ناوبانگ لیۆرناردۆ داڤنشی کە مۆنایلیزایە، بۆتە سەرمایەیەکی لەبن نەهاتوی گەلی فەڕەنسا.

حكومەتی هەرێم ڕێككەوتنی لەگەڵ عێراق بۆ هەژماری مووچە ڕاگەیاند
پێت حكومەتی هەرێم ڕێككەوتنی لەگەڵ عێراق بۆ هەژماری مووچە ڕاگەیاند
وەزارەتی پەروەردە قوتابییانی پۆلی ٩ ئاگادار دەکاتەوە
دوات وەزارەتی پەروەردە قوتابییانی پۆلی ٩ ئاگادار دەکاتەوە
پەیوەندیدار