وائیل عەبدوللـەتیف یاساناس و پەرلەمانتاری پێشوو، گەیشتنی ئاگاداریی نوێ لەلایەن بانكی ناوەندی فیدراڵی ئەمریكایی بۆ عیراق ئاشكرا دەكات، لەپێناو دوورخستنەوەی بانكێكی ئەهلی تر لە لیستی فرۆشتنی دراو، ڕەتیشیدەكاتەوە عیراق بەبێ ڕەزامەندی ئەمریكا بتوانێت پارە لە ئەژماری خۆی ڕابكێشێت، تەنانەت گەر ڕەسیدەكەشی بگاتە 100 ملیار دۆلار.
عەبدوللـەتیف، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”چەندان ئاگاداركردنەوە گەیشتوونەتە بانكی ناوەندی عیراق لەبارەی ئەو بانكانەی وردبینی كراون و بانكێكی تر خراوەتە لیستی ڕەشەوە، بەڵام ناوەكەی ڕانەگەیەندراوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە عیراق ناتوانێت پارە لە ئەژماری خۆی لە بانكی فیدراڵی ئەمریكایی ڕابكێشێت بەبێ ڕەزامەندی ئەمریكا، تەنانەت گەر یەدەگی وڵات لە دراوی بیانی بگاتە 100 ملیار دۆلاریش”.
بە وتەی ئەو یاساناسە:”چەند جارێك ئەمریكا عیراقی ئاگاداركردەوە بۆ دوورخستنەوەی چوار بانك لە زیادكردنی فرۆشتنی دراو بەبیانووی بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی عیراق، بۆیە لەئێستادا عیراق پێویستی بە سیاسەتێكی نەرمە لەگەڵ ئەمریكا، لەپێناو گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ ئاستی پێش بەرزبوونەوەی”.
لەبارەی ڕۆڵی پەرلەمان لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك بۆ كێشەكە، عەبدوللـەتیف دەڵێت:”لەئێستادا پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆدەنگبن لەسەر مەترسی تەنگژەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، چونكە بڕیارەكانی ئەمریكا كە بوونە مایەی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار، پێویستییان بە سیاسەتێكی نەرمە، لەپێناو گێڕانەوەی نرخی دراوەكە بۆ ئاستی پێش بەرزبوونەوەی”.
ئەمریكا بەردەوامە لەسەر سیاسەتی چاككردنی خراپ بە خراپترین، لەڕێی بڕیارەكانی بانكی فیدراڵی وڵاتەكە كە بە بۆچوونی زۆرێك لە چاودێران، گوشارن بۆسەر عیراق لەپێناو نەچوونە پاڵ بلۆكی خۆرهەڵات.