وڵاتانی ناوچه‌كه‌؛ دوای ئه‌زمونی سه‌دان ساڵ، گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی؛ كوردیان به‌چه‌ك پێله‌ناونابرێت



د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر

وڵاتانی ناوچه‌كه‌؛ دوای ئه‌زمونی سه‌دان ساڵ، گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی؛ كوردیان به‌چه‌ك پێله‌ناونابرێت.

وه‌ك له‌ كۆنگره‌ی سه‌دساڵه‌ی په‌یمانی لۆزانیشدا، له‌ ته‌مموزی 2023دا، له‌ لۆزان، وتم: پێویسته‌ كوردیش بگاته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ هه‌موو مافه‌كانی؛ ته‌نها به‌چه‌ك، به‌ده‌ستنایه‌ن.

ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌رده‌وام جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌؛ كه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژێك كورد، كوردستانی گه‌و‌ره‌یش وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی یه‌كگرتوو؛ پێكبهێنێته‌وه، هه‌ر ده‌بینه‌وه‌ به‌ دراوسێی فارس و عه‌ره‌ب و تورك، بۆیه‌ ده‌بێت كارێك بكه‌ین كه‌ سبه‌ی بتوانین به‌یه‌كه‌وه‌ بژین.

له‌ ڕۆژی پرسه‌ی كاره‌ساته‌كه‌ی ماڵی حاجی مه‌زهه‌ر له‌ 19ی تشرینی یه‌كه‌می 2022، له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ فڕۆكه‌خانه‌، به‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانیی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانم وت: كه‌ به‌ زوترین كات سه‌ردانی تاران بكات و دۆسیه‌ ئاڵۆزو شێواوو ئاڵۆزكێنراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كلابكاته‌وه‌.

به‌رده‌وام به‌ ئێستایشه‌وه‌؛ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ كورد له‌ ناوخۆیدا: یه‌كبونی خۆی بنیاتبنێت و بپارێزێت، تێكه‌ڵ به‌ پلان و ململانێ و شه‌ڕه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نه‌بێت.

هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی بونه‌ته‌ هۆكاری به‌رپابوونی ئه‌م جه‌نگه‌ جیهانییه‌ ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌ی ئێستا، كه‌ سه‌ره‌كیترینیان: وزه‌، ئاوو ژینگه‌، زه‌وی كشتوكاڵیی و به‌رهه‌می خۆراكیی، سه‌رچاوه‌ی كه‌ره‌سته‌ی خاو، ده‌ستی كرێكار، ڕێڕه‌وی بازرگانیی، بازاڕ؛ له‌ كوردستاندا ده‌رفه‌تن، كه‌واته‌ كورد ده‌توانێت به‌شێك بێت له‌ چاره‌سه‌ر، نه‌ك به‌شێك بێت له‌ قه‌یران، لایه‌ك بێت له‌ ئاشتیی، نه‌ك لایه‌نێك له‌ شه‌ڕ.

سه‌ردانی ئه‌مڕۆی وه‌فدی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگاوێكه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی ڕاستدا ئه‌گه‌ر ڕاست به‌ڕێوه‌ببرێت و ڕاست ئاراسته‌ بكرێت.

ئاماده‌یی لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌م تیمه‌ هاوبه‌شه‌دا، ده‌توانێت وێنه‌ی یه‌كبونێكی نیشتمانیی پیشانبدات و، خۆ ئه‌گه‌ر مانا به‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ببه‌خشرێت و متمانه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كاندا دروستبكاته‌وه‌، وێنه‌كه‌ ده‌بێته‌ دیمه‌ن و وێستگه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌، كه‌ ده‌توانێت به‌شی زۆری كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكات.

ئێران؛ وه‌ك یاریكه‌ری هێرشبه‌ری به‌ره‌ی چین، هند، ڕوسیا، باشوری ئه‌فریقا، به‌رازیل، به‌ تایبه‌تیی دوای تاقیكردنه‌وه‌ی نوێی‌ موشه‌ك و دورهاوێژو درۆنه‌ دروستكراوه‌ كۆنه‌كانی، ‌ كه‌ له‌ بری ته‌قینه‌وه‌ وێرانكه‌ره‌كان؛ په‌یامیان هه‌ڵگرتبوو، ته‌نها نه‌گه‌یشتنه‌ یه‌ك شوێن، به‌ڵكو گه‌یشتنه‌ هه‌موو جیهان.

هیچ وڵاتێكیش نایه‌وێت به‌ره‌و جوگرافیاو ڕوبه‌ری شه‌ڕه‌كان فراوانتر بكات، كه‌واته‌ ده‌بێت هه‌موومان به‌دوای چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌دا بگه‌ڕێین، گرنگه‌ كه‌ باوه‌ڕی بڕیاربه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا؛ له‌م دۆخه‌ گه‌یشتوون و ده‌ستپێشخه‌رن بۆ چاره‌سه‌ر.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌بێت ئاسایش و ئابوریی له‌ هه‌موو ئاسته‌ ناوخۆیی و ده‌وڵه‌تیی و دراوسێتیی و ده‌وڵه‌تگه‌لییه‌كاندا؛ وه‌ك ستراتیژ كاریانبۆبكرێت.

خۆرهه‌ڵاتێكی ناوه‌ڕاست و جیهانێكی ئارام و سه‌قامگیر به‌ بێ كورد؛ نایه‌ته‌دی.
ئه‌ركی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی و هه‌رێمایه‌تیشه‌، كه‌ له‌ كوردو له‌ ته‌ون و پێكهاته‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی ناوچه‌كه‌ بگه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئالنگاریی و هه‌ڕه‌شه‌كان، بۆ ده‌رفه‌ت و ده‌ربازبوون له‌شه‌ڕ؛ بگۆڕن.

 

ئاشلی لە سلێمانییە
پێت ئاشلی لە سلێمانییە
دابەشكردنی مووچەی مانگی 4ی یەكەم وەزارەت ڕاگەیەنرا
دوات دابەشكردنی مووچەی مانگی 4ی یەكەم وەزارەت ڕاگەیەنرا
پەیوەنیدر