ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، دواخستنی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی کوردستانە کە بڕیارە 10ی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕۆژنامەی سەرقولئەوسەت هەواڵێکی دەربارەی سەردانەکەی شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکردەوە و لە ناونیشانەکەیدا هاتووە: “نێچیرڤان بارزانی لە هەوڵێکی نوێدا بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان سەردانی تاران دەکات”.
بڕیارە نێچیرڤان بارزانی و شاندەکەی کە لە هەردوو جێگرەکەی و وەزیری ناوخۆ پێکهاتووە، لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆمار، محەمەد قادر قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شورا و دواتریش لەگەڵ عەلی خامنەئی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیدا کۆببنەوە.
سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان ڕایگەیاند، “سەردانەکەی بارزانی بۆ تاران لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان دێت تا دەرفەتێک بدرێت بە هەموارکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە کەمایەتییەکان و سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق”.
لای خۆشیەوە جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ناکۆکییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی ئابووری و ئاسایشی سنوورەکان لە نێو ئەجێندای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانیدا دەبن.
جەبار یاوەر وتیشی: “زۆرجار ئێرانییەکان ڕۆڵیان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی حزبە کوردییەکان و هەروەها نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵیدا هەبووە”.