ئیدریس شەعبان بەرپرسی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی شاندێكی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا ئاشكرا دەكات.
ئیدریس شەعبان لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی عیراق ڕایگەیاندووە:”شاندەكە كاتێك سەردانی بەغدا دەكات كە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بودجە تەواو دەكات و دەینێرێت بۆ پەرلەمان”.
بە وتەی شەعبان:”سەردانەكە بۆ یەكلایی كردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجەدا، چونكە پشكی ئێستا لەگەڵ قەبارەی دانیشتواندا ناگونجێت و هاوتای پابەندبوونی دارایی هەرێم نییە”.
ئیدریس شەعبان دەڵێت:”پارتی دیموكراتی كوردستان هیواخوازە كاروبارە سیاسییەكان لەگەڵ مەسەلەی بودجەدا تێكەڵ نەكرێن”.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی پەسەندكردنی بودجەی فیدراڵ، تەنگژە سیاسييەكانى نێوان بەغدا و هەولێر سەرهەڵدەدەنەوە لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەدا كە بە یەكێك لە دۆسێ گەورەكانی نێوان هەردوولا دادەنرێت و زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، لەكاتێكدا بەغدا بۆ دەستور دەگەڕێتەوە و هەرێمیش بۆ تەوافوقی سیاسی لەپێناو دەستەبەركردنی پشكی دارایی، ڕادەستنەكردنی داهاتی نەوتیش لەلایەن هەرێمەوە بە بەغدا، بە هۆكاریی سەرەكی كێشەی نێوان هەردوولا دادەنرێت.