سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیكەی شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنە ناخۆییەكان، تا ئێستا پۆستی پارێزگاری كەركووك و دیالە یەكلانەكراونەتەوە.
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەكان، پێویستە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان لە ماوەی 15 ڕۆژ دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كۆببنەوە بۆ دیاریكردنی پۆستەكانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگارو جێگرەكانیان.
بەپێچەوانەی ئەو ئاڵۆزییەی تا ئێستا لە پارێزگای دیالە لەنێوان هێزە شیعیەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سوننیەكان هەیە، سەرچاوە ئاگادارەكان لە پارێزگای كەركووك باس لە نزیكی گەیشتن بە ڕێككەوتن دەكەن بۆ كۆتایهێنان بە پەكخستنی كاری پارێزگاكە لەڕێی رێككەوتنی كورد و عەرەب لەسەر ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی پارێزگار لەنێوان خۆیاندا.
سەرچاوەیەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاندووە، عەرەب و كورد گەیشتووەنەتە ڕێككەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستی پارێزگاری كەركووك لەسەر بنەمای دوو ساڵ بۆ هەر یەكێكیان، سەرەڕای تێپەڕبونی نزیكەی شەش مانگ لەساڵی یەكەمی ویلایەتی ئەنجومەنی پارێزگا.
سەرچاوەكە جەختی كردەوە، ئێستا خاڵی ناكۆكی لەنێوان هەردوولا سەبارەت بەوەیە چی لایەنێك لەدوو ساڵی یەكەمدا ئەو پۆستە وەربگرێت، ڕێككەوتنەكەش دوای ئەوە هاتووەتە ئاراوە كە هەردوو حزبەكە سەرەكیەكەی كوردستان (یەكێتی و پارتی) لەسەر ئەو شێوازە ڕێككەوتوون.