وەزیری نەوتی عێراق هەنگاوەکانی لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت ڕادەگەیەنێت.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2-5-2024 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، نیەتێکی باش بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت هەیە و دوو لیژنەمان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان پێکهێناوە.
ئاماژەی بەوەشدا، “بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە دەستیپێکردووەتەوە، کێڵگەی کۆرمۆر لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە ئەوان بیپارێزن.”
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت وەزیری نەوتی عێراق وتی” جیاوازى لە نرخى بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوت لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد، هەروەها گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان هەیە، کۆبوونەوەى لیژنەکانیش بۆ چارەسەرى ئەم پرسە بەردەوامە
وتیشی، بۆ وەرگرتنى 100 ملیۆن پێ سێجا غازى رۆژانە، رێککەوتنەمان لەگەڵ دانەغاز هەیە.
ئێوارەی هەینی 27ـی نیسان، لەڕێگەی درۆنەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، لەئەنجامدا چوار کارمەند گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون، هەروەها بەهۆی هێرشەکە بەرهەمهێنانی غاز راگیرا و بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانیش کەم بووەوە.