نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی هەرێم لەبارەی ناردنی ناوی وانەبێژان بۆ بەغدا و گرێبەستەکانیان ڕایگەیاند، وردبینی زیاتر لە 37 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە وەزارەتی دارایی عێراق لە قۆناغی كۆتاییدایە، بۆ ئەوەی بەشێوەی گرێبەست دابمەزرێن.
عەلی ڕەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاند، بەدواداچوونیان كردووە بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی وانەبێژان لە بەغدا و لەم كاتەشدا وردبینی لە لیستی وانەبێژان لە كۆتایی پڕۆسەكەدایە لە لایەن دیوانی چاودێری عێراق.
ئاماژەی بەوەکرد، مامۆستایانی وانەبێژ كە ژمارەیان 37 هەزار و 700 مامۆستایە بۆ دامەزراندنیان مانگانە دوو ملیار و 700 ملیۆن دیناریان پێویستە، بڕیاریشە دوای وردبینی، ناوەكانیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی عێراق دەكرێت بۆ دامەزراندنیان.
ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر دیوانی چاودێری لیستەكە پەسەندبكات، وانەبێژان دەبن بەگرێبەست و ڕاستەخۆ مووچەكانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خەرجدەكرێت.
هاوکات عەلی ڕەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بۆ (خەڵک) ڕایگەیابد، بڕیارە ئەمرۆ کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک لە بەغدا نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی سەرجەم شارەکانی هەرێم، لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆببنەوە لەبارەی بە گرێبەستکردنی وانەبێژان.
ئەمەش لە کاتێكدایە، دوێنێ ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆبووەتەوە و ئاماژەی بەوەکرد، نووسراوی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژم پێگەیاند سەبارەت بەتەرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەنگاوە پێویستەکانمان ئەنجامداوە و چاوەڕوانی دەرئەنجام و وەڵامی فەرمی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین.