ئەندامێکی لیژنەی دارایی، ھۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی ھەرێم ئاشکرادەکات و دەڵێت، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە نادنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دواکەوتووە و پێدەچێت تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە بەغداد پارەکە رەوانەی ھەرێم بکات.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەھۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی ھەبووە لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆران، بۆیە رەوانەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانی کردووەتەوە و جارێکی دیکە وەزارەتی دارایی پێداچوونەوەی بە لیستەکەدا کردووە و کەموکورتییەکانی چارەسەرکردووە و ناردوویەتییەوە بۆ بەغداد، بۆیە وردبینی لیستی مووچە دواکەتووە.
راشیگەیاند، پێدەچێت تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی ھەرێم بخاتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
رۆژی ٢١ی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کرد و بڕیاربوو پێش کۆتایی ئەم مانگە مووچەی مانگی نیسان دابەشبکرێت.