سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بڕیاریدا، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، تەنها بەشی داهاتی شارەوانی تایبەتە بە كۆكردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاك.
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرجەم هاووڵاتیان بە گشتی و چێشخانە و ڕێستۆرانت و هۆتێل و نەخۆشخانە تایبەتەکان و پێشانگاکان و سەرجەم دوکاندارەکان بەتایبەتی ئاگاداردەكەینەوە، كە گواستنەوە و فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی ھەموو شوێنێکی ناو سنوری ماستەرپلانی شاری سلێمانی ئەرکی شارەوانییە جگە لەو کۆمەلگە نیشتەجێیانەی ھای کۆستن و ھەندێک شوێنی دیاری کراو.
ڕاشیگەیاندووە، لەبەرامبەردا تاکە لایەن، کە مافی وەرگرتنی پارەی کرێی فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی هەیە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بەژمارە (١٢٦)ی ساڵی ٢٠١٧ تایبەت کۆکردنەوەی داهاتی خۆڵ و خاشاک، بەشی داھاتی شارەوانییە.
جەختیشی كردۆتەوە، هیچ کۆمپانیا و لایەنێک مافی کۆکردنەوەی ئەو داهاتەی نییە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ماوەی ڕابردووشدا، دادگای كارگێڕی سلێمانی گرێبەستی پێدانی كۆكردنەوەی داهاتی خۆڵ و خاشاكی بە كۆمپانیا و كەرتی تایبەت هەڵوەشاندەوە و دواتر دادگای تەممیزی هەرێم ئەو بڕیارەی پەسەند كرد و بەوەش كۆكردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاك لە كۆمپانیاكان وەرگیرایەوە.