مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێم تۆمەتبارێكی داواكراویان دەستگیركرد.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەوەی بڕیاری دەستگیركردنی تۆمەتبارێك لەسەر دۆسیەی كوشتنی دوو كەس و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لەنەهێشتنی تاوانی بەغدادەوە گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد.
ڕاشیگەیاندووە، سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیربكرێت.
جەختیشی كردۆتەوە، لەئێستادا تۆمەتباری بەناسنامە عەرەب (ب، ك، ع) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و دوای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان ڕەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێتەوە.