باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە توندی هێرشەکەی سەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئیدانە دەکەین.
ئەلینا ڕۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەین کە بووە هۆی زیانگەیاندن بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان و چەندین قوربانی لێکەوتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لێکۆڵینەوەی تەواوەتی بکەن لە و هێرشە و تاوانباران بدرێنە دادگا تا بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرەخۆشیی ئاڕاستەی کەسوکاری ئەو کەسانە کرد کە لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو، بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بە هۆیەوە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و سیانی دیکەش برینداربوون کە سەرجەمیان بیانین، زیانێکی ماددی زۆریش بە کێڵگەکە گەیشت و بووەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم.