دادگای فیدڕاڵیی عێراق ڕۆژی 12ی مانگی ئایار بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک تایبەت بە مەرجەکانی فرەژنی کۆدەبێتەوە، سکاڵاکە لەلایەن پارێزەرێکەوە تۆمارکراوە و دەڵێت، “یاساکە هۆکاری زیادبوونی کێشەکانە، نەک چارەسەرکردنیان”.
فرەژنی، چەندین ڕەهەندی جیاواز لە خۆدەگرێت، لەنێو کۆمەڵگەدا مشتومڕی جیاوازی لەبارەوە دەکرێت، بەشێک بە مافێکی شەرعی پیاوانی دەزانن کە زیاتر لە هاوسەرێکیان هەبێت، بەشێکی دیکەش بە پێشێلکردنی مافی ژنانی دەزانن، کە ژیانیان پەرتەوازە دەکات.
سکاڵاکە لەلایەن پارێزەرێکی کورد بە ناوی (بەرهەم ڕەئوف) تۆمارکراوە، ڕۆژی ١٢ی ئایار ساڵی ٢٠٢٤ یەکەم دانیشتنی دادگا لەبارەیەوە بەڕێوەدەچێت.
بەرهەم ڕەئوف، پارێزەر لە لێدوانێکدا تایبەت بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، من وەک پارێزەرێک سکاڵام لە دژی یاسای فرەژنی لە هەرێمی کوردستان کردووە، تایبەت بە مەرجەکانی هێنانی ژنی دووەم، چونکە ئەم یاسایە نەیتوانیوە ئامانجەکانی بپێکێت، لەبری ئەوەی کێشەکان چارەسەربکات زیانی لە کۆمەڵگەداوە.
وتیشی، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدڕاڵیی عێراق، هەر کەسێک بەرژەوەندی هەبێت لە تۆمارکردنی سکاڵایەک و بەهۆی یاسایەکەوە زەرەرمەند بووبێت کە پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور بێت، مافی تۆمارکردنی داوای هەیە.
ئەو پارێزەرە باسی لە یاسای فرەژنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و ڕوونیکردەوە، یاسای فرەژنی لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی هەموارکردووەتەوە و کۆمەڵێک مەرج بۆ هاوسەرگیری دووەم زیاد کراوە، لە سکاڵاکەدا تانەمان یاوە لە ماددەی یەکەمی ئەو یاسایە و دەڵێین کە پێچەوانەی دەستوورە.
لە یاسای فرەژنی هەرێمی کوردستان هاتووە، کە کارکردن بە بڕگەکانی (٤، ٥، ٦، ٧)ی یاسای ساڵی ١٩٥٩ ڕادەگیرێت و ئەمانە شوێنی دەگرنەوە:
بەبێ ڕێپێدانی دادوەر ڕێگە بە زیاتر لە هاوسەرێک نادرێت و بۆ ڕێپێدانیش پێویستە ئەم مەرجانە بێنەدی:
یەکەم: ڕەزامەندی هاوسەری یەکەم لەسەر هاوسەرگیرییەکە لەبەردەم دادگادا.
دووەم: ژنەکە نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەبێت کە ڕێگر بێت لە جووتبوون و ئومێدی چاکبوونەوەی نەبێت، یاخود نەزۆکیی هاوسەری یەکەم کە بە ڕاپۆرتی لیژنەیەکی پزیشکیی تایبەتمەند بسەلمێنرێت.
سێیەم: ئەو کەسەی داوای هاوسەرگیری دووەم دەکات توانای دارایی بۆ دابینکردنی خەرجیی زیاتر لە هاوسەرێکی هەبێت، دەبێت بە بەڵگەی فەرمیی بیسەلمێنێت و لە کاتی گرێبەستی هاوسەرگیریدا پێشکەشی دادگای بکات.
چوارەم: هاوسەر (پیاوەکە) پێش گرێبەستی هاوسەرگیرییەکە بەڵێننامەی دەستنووس پێشکەشی دادگا بکات کە لە بەرپرسیارێتی هاوسەرگیری و پابەندییە ماددی و مەعنەوییەکانی هاوسەرگیریدا دادگەر بێت لە نێوان هاوسەرەکانیدا.
پێنجەم: هاوسەری (یەکەم) لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا مەرجی ئەوەی لەگەڵ (مێردەکەی) نەکردبێت کە ژنی بەسەردا نەهێنێت.
لەو بارەیەوە پارێزەر بەرهەم ڕەئوف، جەختی لەوەکردەوە، مەرجەکانی فرەژنی کە لە یاساکەدا هاتووە، لە بنەڕەتدا پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامە چونکە زۆر ئەستەمە، هەمووی بەیەکەوە بەدیبێت.
وتیشی، یاساکە لەبری چارەسەرکردنی کێشەی خێزانەکان، گرفتەکانی زیاتر کردووە، هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوەیە، چونکە لە حاڵەتێکدا ئەگەر ژنەکە نەخۆشیش بێت و توانای منداڵخستنەوەی نەبێت، هێشتا ئەگەر ژنەکە لەبەردەم دادگا ڕازی نابێت، پیاوەکە ناتوانێت ژنی دووهەم بهێنێت.
بەرهەم ڕەئوف جەختی لەوەکردەوە، سکاڵاکەی ئێمە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کێشانەیە کە لە دادگاکاندا هەن و لەسەر ئەو بنەمایە کە هەمواری یاساکە لە دژى دەستوورى عێراقە، لەو دەستوورەدا هاتووە نابێت هیچ یاسایەک دەربچوێندرێت، کە پێچەوانەى بنەماکانى ئایینى ئیسلام بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم مەرجانەی یاساکە لە کاتێکدایە، کە ئایینی ئیسلام تەنها مەرجی دادپەروەری بۆ هێنانی ژنی دووەم داناوە.
ڕێزان شێخ دلێر، چالاکوانی مافی ژنان سەبارەت بە سکاڵای ئەو پارێزەرە بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا کە ئەو یاسایانەی هەموار کردووەتەوە، کەسانی یاسایی و شەریعە لە پەرلەمان ئامادەی بوون، هیچ یاسایەکیش نییە دژی شەریعەتی ئیسلام بێت، سەرچاوەی یاساکانیش دەگەڕێنەوە بۆ قورئان.
لەبارەی مەرجەکانی هێنانی ژنی دووەم لەلایەن پیاوان ڕایگەیاند، لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامیذا هاتووە، کە دەبێت لە فرەژنیدا دادپەروەری هەبێت، ئەو دادپەروەرییەش کەسانی یاساناس دەتوانن دیاریبکەن.
جەختی لەوەشکردەوە، مەرجەکان سەخت نین، تایبەتن بە مافی مرۆڤ و ژنان، هەر ژنێکیش مافی خۆیەتی کە هەوڵی پارێزگاری لە خێزانەکەی بدات کە پەرتەوازە نەبێت، چونکە خێزانێک کاتێک دەبێت بە سێ و چوار ژن ڕووبەڕووی کێشەی زیاتر دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی لێکترازانی خێزانەکان.
باسی لەوەشکرد، لە پێشتریشدا زیادبوونی ئاوارەکان کێشەی بۆ خێزانەکان دروست کرد، پیاوەکان هاوسەرگیریان لەگەڵ کچانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ دەکرد، دواتر بە منداڵێکەوە وازیان لێدەهێنان.
لەبارەی هەڵوێستی ژنان سەبارەت بە مەرجەکانی ناو یاسای فرەژنی وتی، وەک گروپێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ژنان، لەگەڵ پەرلەمانتارانی پێشوو کاردەکەین تا لیژنەی یاسایی پەرلەمان بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە مافی دەستووری هەرێمە کە یاساکان بەپێی بەرژەوەندی خەڵکەکەی هەمواربکاتەوە، ناکرێت هەموو یاسا هەموارکراوەکانی هەرێم لە دادگا هەڵبوەشێنرێنەوە.
وتیشی، لەو ڕۆژەوە کە ئەو سکاڵایە تۆمارکراوە، لەگەڵ چالاکوانان کارمان کردووە تا بەرگری لە مافی ژنان بکەین، چونکە پیاوەکان نایانەوێت هیچ کۆتێکیان بۆ دروستبکرێت و دەیانەوێت لەبەر حەزی خۆیان یاری بە ژنان بکەن.
مامۆستا عەبدولحەمید سیوەیلی، مامۆستای ئایینی تایبەت بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، پێویستە پێش ئەوەی باس لە فرەژنی بکرێت، کۆمەڵگە لە تێڕوانینی ئایینی ئیسلام بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری تێبگەن، کە ئامانجی ئایینی ئیسلام ڕێکخستنی کۆمەڵگەیە تا خۆشبەختی لەناو خێزانەکان بەدیبهێنێت.
باسی لەوەکرد، ئایینی ئیسلام هەر یاسایەکی دانابێت وەڵامدەرەوەی داخوازی مرۆڤە لەسەر بنەمای ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی، نایەوێت ژیانێکی بێسەرەوبەرە لەناو خێزانەکان پەرەبسەنێت بۆ بەرژەوەندی حەزی کەسی کە خۆی چۆنی بوێت، وا ئاڕاستەی بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، دابونەریتی کۆمەڵگە کاریگەری لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیری هەیە، لە هەندێک کۆمەڵگەدا فرەژنی ئاسانە، بەڵام لە هەندێک شوێندا قورسە، ئێمەش نابێت شەڕ بە شەریعەت بفرۆشین، لەپێناو بەرژەوەندی خۆمان.
سەبارەت بەو سکاڵایەی لە دژی مەرجەکانی یاسای فرەژنی تۆمارکراوە ڕایگەیاند، لەبارەی مەرجەکانی فرەژنی دەبێت لە یاساکەدا ڕوونکردنەوەی زیاتر هەبێت، بۆ نموونە ئەگەر ژنێک توانای منداڵ خستنەوەی نەبێت و نەخۆش بێت، بەڵام ئەگەر ڕازی نەبێت ئەوا دادگا ڕێگری لە هاوسەرگیری دووەمی ئەو پیاوە دەکات، لێرەدا مافی ئەو پیاوە پێشێل دەکرێت.
وتیشی، هەر لە یاساکەدا دەبێت باس لە پیاوانیش بکرێت بۆئەوەی هاوسەنگی ڕابگیرێت، بۆ نموونە ژنانیش مافی خۆیانە کە هەمان ئەو زەمینەیەی بۆ پیاوان ڕەخساوە بۆ ئەوانیش هەبێت، یەکێک لە مەرجەکان باس لە دادپەروەری دەکات، کە لەوانەیە پیاوەکە لەبەردەم دادگا واژۆی بکات، بەڵام نەچێتە ژێرباری، بۆیە ئەوانە تەنها چارەسەری کاتیین.
ئەو مامۆستا ئایینیە وتیشی، دەبێت تاک و کۆمەڵگە لەبارەی هاوسەرگیری بە گشتی و فرەژنی هۆشیار بکرێنەوە، دەبێت هۆکاری فرەژنی دیار بێت کە ئایا ئەو کەسە بەڕاستی پێویستی بەوە هەیە یاخود نا، دواتریش دەبێت دادوەر بڕیاری لەسەر بدات.
دووپاتیشی کردەوە، دەبێت ژنان و ڕێکخراوەکانیش ئەوە لەبەرچاو بگرن، ڕێگری کردن لە فرەژنی لێکەوتەی خراپی هەیە، دەبێت ڕۆشنبیری لەنێو ژناندا بڵاوبکەنەوە کە شەریعەتی ئیسلام یاساکانی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە داناوە، بەڵام نابێت یاساکانیش لەبەرژەوەندی حەزی تاک بەکاربهێنرێن.
مەرجەکانی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، بەگوێرەى مادەى ٧ یاساى بارى کەسێتى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کارى پێدەکرێت تەنیا دوو مەرج هەیە بۆ هێنانی ژنی دووەم، کە بریتین لەوەی گەیشتبێتە تەمەنى ١٨ ساڵى و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات.
پێشتر لە ٣٠ی تشرینى دووەمى ٢٠٢٢ دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەى مادەى ١٨ی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى و بە “نادەستووری” زانیوە، لە مادە هەموارکراوەدا هاتووە: “ئەگەر پیاوێک ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابوونەوەى دەبێت.”
بەگوێرەى بڕگەى پێنجى مادەى ٤٠ی یاسای بارى کەسێتیى عێراقى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کارى پێدەکرێت، ئەگەر پیاوێک بەبێ رەزامەندى دادگا ژنێکی دیکە بهێنێت، هاوسەری یەکەم بۆى نییە سکاڵاى یاسایی پێشکەش بکات، بەڵام پەرلەمانى کوردستان یاساکەی هەموارکردووەتەوە و ئەو بڕگەیەی لاداوە.
هاوکات هەر بەپێی یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ هەر کەسێک بەبێ بوونی ئەو مەرجانەی کە دیاری کراوە ژنی دووهەم بهێنێت، سزا دەدرێت بە بەندکردن لە ٦ مانگ بۆ ساڵێک، سزاکەشی ١٠ ملیۆن دیناری عێراقییە، لە کاتێکدا ئەم سزاتە شایانی (ایقاف تنفیذ) نییە.
لە مادە ۱٤٤لە یاسای سزادانی عێراقی دەڵێت: دادگا لە کاتی سەپاندنی سزا بەسەر تاوانبار بۆی هەیە (ایقاف تنفیذ) واتە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکە بکات، بەو مەرجەی ئەو سزایەی بۆی دیاری کراوە لە ساڵێک زیاتر نەبێت، تاوانبار پێشتر حوکم نە درابێت بە تاوانی (عمدی)، وە نابێت بۆ ماوەی سێ ساڵ هیچ تاوانیک بدات، بە پێچەوانەوە لەو ماوەیە ئەگەر تاوانێکی ئەنجامدا، سزا ڕاگیراوەکەشی لەسەر جێبەجێ دەکرێت.