چەند هاووڵاتییەكی خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق، كە 24 كەسن لە لوبنان دەستگیر دەكرێن و بڕیارە دیپۆرت بكرێنەوە و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: “ویستویانە لەوێوە بەڕێگای ئاوی بچنە ئەوروپا”.
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو ڕایگەیاندووە، 24 هاووڵاتی كورد و عەرەب، كە خەڵكی هەرێم و ناوچەكانی دیكەی عێراقن بەنیازبوون لە لوبنانەوە بە دەریادا بچنە ئەوروپا، بەڵام لەلایەن هێزی دەریاوانی لوبنانی دەستگیرکراون.
ئاشكراشی كرد، دوای ئەوەی کەسوکارەکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندییان پێوەکردووە، ئەویش لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە لوبنان بەدواداچوونی کردووە.
وتوشیەتی، “لوبنان ناوی ئەو كەسانەی داوەتە باڵیۆزخانەی عێراق و ئێستا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەگەڵیان و دواتر دیپۆرتیان دەکەنەوە، بەڵام ئەو کارە ڕەنگە یەک بۆ دوو هەفتە بخایەنێت”.