لەسەر دۆسیەی دەستدرێژی كردنە سەر كچێك، مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی 7 تۆمەتباریان دەستگیركرد.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا وردەكاری ئەو دۆسیەیە بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سكاڵای لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆماركرد، كەوا كچەكەی دیارنەماوە، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد و دەركەوت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەكیەوە لە تیكتۆك كچەكە ماڵی بەجێ هێشتووە و لەترسا هەڵاتووە .
پۆلیسی سلێمانی ئاشكراشی كردووە، لێكۆڵینەوەكانیان دەسپێكرد و سەرەتا توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیر بكرێن، كە ڤیدیۆكەیان بڵاوكردبۆوە، دواتر لەماوەیەكی كەمدا كچە ونبووەكە دۆزرایەوە و دەركەوت لەماوەی دیارنەمانیدا لەلایەن 5 تۆمەتبارەوە فڕێندراوە و لەناو شوقەیەكدا دەستبەسەركراوە و دەستدرێژی سێكسییان كردۆتەسەر .
ڕاشیگەیاندووە، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەردەوام بوو تائەو كاتەی توانرا ئەو تۆمەتبارانەی تر بدۆزرێنەوە و دەستگیر بكرێن .
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەناوەكانی : (ب، خ، ن لەدایكبووی 2005 – م ، ر ، م لەدایكبووی 2002 –م ، م ، ق لەدایكبووی 1999 –گ ، م ، م لەدایكبووی 1988 – ب،ب، ح لەدایكبووی 1995 – چ ، ع ، ح لەدایكبووی 1993-ر ، س، س لەدایكبووی 1989) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 430 لەیاسی سزادانی عیرقی ڕاگیراوان و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردوامە و دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا .
ڕوونیشی كردۆتەوە، دوای دۆزینەوەی لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە، بەبڕیاری دادوەر كچەكە ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە بۆ چارەسەری پزیشكی و پشكنینی پێویست لەوبارەیەوە، لە ئێستاشدا و بەبڕیاری دادوەر ڕەوانەی شێڵتەر (خانەی داڵدەدان) لە سلێمانی كراوە .