سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەکات، ئەركی خۆیان بە شێوەیەكی پیشەیانە بۆ گەیاندنی ڕاستیەكان جێبەجێ بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا ڕایگەیاند، بە بۆنەی سەد و بیست و شەشەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی كە هاوكات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە، پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم.
وتیشی: “ڕۆژنامەنووس و میدیاكاران ئەركێكی پیرۆز و هەستیاریان لەسەر شانە كە بریتیە لە پێدانی زانیاری و هۆشیاری و ئاراستەكردن و پێشخستنی كۆمەڵگە. لەویادەدا داوام لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكارە خۆشەویستەكانی كوردستان هەیە، ئەركی خۆیان بە شێوەیەكی پیشەیانە بۆ گەیاندنی ڕاستیەكان و هەروەها لەپێناو بەهێزكردنی فەرهەنگ و هۆشیاریی كۆمەڵگە و هاووڵاتیان جێبەجێ بكەن”.
سەرۆکی پارتی بە پێویستیشیزانی “ڕاگەیاندنكار و ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئەوەیان هەمیشە لەیاد بێت كە میدیا و ڕۆژنامەنووسی ئامرازی كاریگەرن بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و بەرگریكردن لە ناسنامە و مافەكانی گەلی كوردستان و، لە هەمانكاتیشدا ئامرازن بۆ پاراستنی بەهاكان و قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی لەناو خەڵكدا”.