سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە میر و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدیان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، “بە هەموو توانای خۆی پاڵپشتی و خوشک و برایانی ئێزیدی دەکات و ڕێگە نادات بابەتی نامۆ بەسەر ئێزیدیەکاندا بسەپێندرێت”.
بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، ڕۆژی یەک شەممە 21ی نیسانی 2024 لە سەڵاحەددین، مەسعود بارزانی پێشوازی لە حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدی و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدی کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، شاندی میوان داوایان لە بارزانی کرد، کە لە پاڵپشتیکردنی داواکانیان بەردەوام بێت و ڕێگری بکات لە هەموو ئەو هەوڵانەی، کە بە نیازن پەرتەوازەیی بخەنە ناو ئێزیدیەکان.
لای خۆیەوە بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە ئێزیدی بەشێکی ئازیزی گەلی کوردستانن و داواشی کرد، کە ئێزیدییەکان دەست بگرن بە داب و نەریتی خۆیان و ڕێگە نەدرێت دەنگی نامۆ و لابەلا کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی ئێزیدیان بکەن و زێدی باب و باپیرانیان بەجێ بهێڵن.
بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە “هەوڵی هەندێک لایەن بۆ دیاریکردنی میری ئێزیدی لە بەغدا و دەستوەردان لە کاروباری ئێزیدیان”، جەختی لەوە کردەوە، “بە هەموو توانای خۆی پاڵپشتی و خوشک و برایانی ئێزیدی دەکات و ڕێگە نادات بابەتی نامۆ بەسەر ئێزیدیەکاندا بسەپێندرێت”.