لە پەراوێزی پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر چۆن بگەڕێینەوە بۆ لای كتێب؟



لە پەراوێزی پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر چۆن بگەڕێینەوە بۆ لای كتێب؟

 د. سەعید عەلی محەمەد

كتێب یەكەم ئامڕازی سەرەکی فێربوونە ، ئامڕازی ڕوناكبیریی و وەرگرتنی پایەكانی زانستە، ئامڕازی ئاشنابوونە بە ڕۆشنبیرییە جیاوازەكان، تەنانەت ئایینە جیاوازەكان لە ڕێی كتێبەوە هاتوون، سەرجەم ئەوەی بە مرۆڤ گەیشتووە لە زانست و یاسا و ڕێكخستنی ژیان و هۆشیاریی و تێگەیشتن و حاڵی بوون لە دین ودونیاو ئایینەكەی، هەر هەمووی لەنێو چەند كتێب و لەوحەیەكی پارێزراوەوە بۆی دابەزیووە.

كتێب دۆست و هاوڕێی یەكەمی ڕاستەقینەی مرۆڤە، كتێب مەوسوعەیەكی گەورەی بەرفراوانە، كورتە و پوختەی ئەزموون و بەرهەمی ژیانی ئەدیبەكان و بیرمەندەكان و زاناکان وداهێنەرەکانە!

هەر لەڕێی کتێبەوە مرۆڤەكان دەتوانن خۆیان و نیشتمانەكەیان و شارستانیەتەكەیان بینا بكەن و گەشەی پێبدەن، لەسەرتاسەری جیهاندا داهێنەر وعەبقەرییەك نابینی خوێنەر نەبێت و دۆستی گیانی بە گیانی كتێب نەبێت.

چۆن بگەڕێینەوە بۆ دۆستایەتی كتێب ؟ بەهۆی ئەو گەشەسەندن و پێشكەوتنە گەورە و بەرفراوانەی تەكنەلۆژیا، ئەو كاریگەرە سەرنجڕاكێشەی كە بەسەر هەموواندا فەرزی كردووە، هەروەها پەرەسەندنی یارییە ئەلیكترۆنییەكان و بەربڵاوی تۆڕە كۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەكان، چەندان داهێنانی تری گەورەی جیهانی كە هەر هەموویان بوونەتە بەشێكی سەرەكی ژیانی ڕۆژانەی ئێمە، خەریكە كتێب لە زیهن و خەیاڵی نوخبەی ڕوناكبیر و خوێنەر بە گشتی، گەنج و لاوە تازە پێگەیشتووەكان بە تایبەتی بەرەو نەمان و سڕینەوە و كاڵبوونەوە دەڕوات!

بەڕادەیەك كە ئێستا پرسی وازهێنان لە خوێندنەوە و دووركەوتنەوە لە كتێب بە هەڕەشە و مەترسییەكی گەورە سەیر دەكرێت، كە ڕووبەڕووی خێزان و كۆمەڵگە و دەزگاو دامەزراوە پەروەردەییەكان و ناوەندەكانی خوێندن بووەتەوە! بۆیە ئێمە هەمیشە ئەم پرسیارانە دەوروژێنین: ئێمە چۆن بتوانین كتێب و خوێندنەوە لای نەوەی نوێ خۆشەویست بكەین؟

چۆن بتوانین جارێكی تر جوانی و ڕەونەق و گەورەیی و قورسایی بۆ كتێب بگێڕینەوە وەك سیمایەكی جوانی زانست و مەعریفە و ئامڕازێك لە ئامڕازەكانی فێربوون و فێركردن؟ ئێمە چۆن بتوانین خوێندنەوە بكەینە ئەتەكێت و بەشێك لە ژیانی ڕۆژانەمان ؟ من بڕوام وایە خۆشەویست كردنی كتێب و هاندانی لاوەكان بۆ خوێندنەوە ئەركی چەند لایەنێكە كە ئەنجامی بدەن، هەر لە خێزانەوە بگرە تا كۆمەڵگە و دامەزراوە پەروەردەییەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و حكومەت و لایەنی دەسەڵاتدار

1- لە خێزانەكانەوە : پێویستە خێزانەكان هەر لە سەرەتای تەمەنی منداڵەكانیانەوە، منداڵەكانیان لەگەڵ عادەت و خووی خوێندنەوە ڕابهێنن، ڕاستە ئێستا ئەو ئەركە بەهۆی هەیمەنەكردنی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانەوە ئەندازەیەك سەخت بووە، بەڵام دەكرێت باوكان و دایكان لەبەردەم منداڵەكانیاندا بخوێننەوە، تا ئەوانیش چاو لەوان بكەن و بە تێپەڕبوونی كات لەگەڵ خوێندنەوەدا ڕابێن، هەروەها لە ماڵەكاندا شوێنی ئارام و سەرنجڕاكێش دیاری بكرێت تەنها بۆ خوێندنەوە، پێویستە لە ماڵەكاندا كتێبخانەیەك هەبێت كۆمەڵێك كتێبی سەڕنجڕاكێش و گونجاو لەگەڵ تەمەن و ئاست و حەز و ئارەزووەكانی ئەوان لەخۆ بگرێت!

خێزانەكان دەتوانن لە كۆتایی هەموو هەفتەیەكدا، یان كۆتایی هەموو مانگێكدا هاوڕێیەتی منداڵەكانیان بكەن بەرەو كتێبخانە گشتییەكان بۆ ئەوەی بەرە بەرە حەزو ئارەزووی خوێندنەوە و كتێب و گەڕان بەدوای زانست و مەعریفەدا لە هزرو دڵ و دەروونیاندا بچێنرێت.

2- لە ناوەندە زانستیی و دامەزراوە پەروەردەییەكانەوە : پێویستە ناوەندە زانستییەكان و دامەزراوە پەروەردەییەكان لەسەرجەم قۆناغە جیاوازەكانی فێرخوازییدا بەشێك و وانەیەك تایبەت بكەن بە ئەكتیڤكردنی بواری نوسین و كتێب و خوێندنەوە، هەروەها دەكرێت لە ماوەی پڕۆسەی خوێندنی ئەو ساڵەدا چەندین پێشبڕكێی ڕۆشنبیریی لەنێوان قوتابی و خوێندكارەكاندا ساز بكرێت، لەگەڵ ئەنجامدانی چەندین وانە و ڕێكخستنی كۆڕبەندی تایبەت بۆ برەودان بە حەزو ئارەزووی خوێندنەوە، نیشاندانی ئەو ڕاستییە بۆ لاوە تازە پێگەیشتووەكان كە (خوێندنەوە وکتێب) سەرچاوەی دەوڵەمەندكردنی ژیانێكی سەركەوتوو و پڕ بەختەوەری یە!

لەگەڵ ئەمانەدا دەكرێت قوتابیان و خوێندكاران لە قۆناغە جیاوازەكاندا لەلایەن ناوەندە زانستییەكانەوە و بەشە پەروەردەییەكانەوە هانبدرێن بۆ فێربوونی هونەری نووسین و لێكۆڵینەوە و دیزاینكردنی پەرتووك و كتێبی ئەلیكترۆنی، بانگهێشتكردنی ژمارەیەك لە نووسەرو قەڵەم بەدەستەكان بۆ سەردان كردنی قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن، لەپێناو ئاشناكردنی قوتابیان بە نووسەر، زانا و كەڵەپیاوە گەورەكانی بواری خوێندنەوە و زانست و مەعریفە و نووسین!

لەلایەكی ترەوە ئەو دامەزراوە زانستیی و پەروەردەییانە دەتوانن هەندێک گەشتی ڕۆشنبیریی و زانستیی تایبەت ڕێكبخەن بۆ كتێبخانە و پێشانگاكانی كتێب، ناساندنی ئەم نوخبە گەنجە ئەكتیڤە بە جوانی و بەهای بەرزی كتێب و سوود و دەستكەوتی گەورەی بێ وێنە و بێ سنووری خوێندنەوە!

3-لە میدیا و دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە : ئەركی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و دەزگا ئیعلامییە گەورەكانە ڕۆڵی گەورە و گرنگ ببینن لە خۆشەویست كردنی كتێب و گەڕاندنەوەی كۆمەڵگە بۆ مومارەسەكردنی خوێندنەوە، لەڕێی كەسانی پسپۆڕو كاریگەرو بەرنامە و پڕۆگرامی تایبەت، سازدانی هەڵمەتی گەورەو بەرفراوانی ئیعلامیی جۆراو جۆری هۆشیارکردنەوە لەو بوارەدا .

4- لەلایەن دەسەڵات و دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە : پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكان هەر لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، گرنگی بە زیادكردنی ژمارەی كتێبخانەكان و ماڵ و دیوەخانە ڕۆشنبیرییەكان بدەن لە سەرجەم گوند و قەزا و ناحیەكان، لەگەڵ دابینكردنی بودجە و توانای دارایی بۆیان، هەروەها سازدانی پێشبڕكێی گەورەی ساڵانە لە بواری خوێندنەوە بۆ چین و توێژی قوتابی و لاوەكان، ڕێزلێنان لە خوێنەرە بە تواناو نووسەرە بەهرەمەند و نموونەییەكان!  لەپێناو هاندانی لاوەكان بۆ خوێندنەوە پێویستە دەسەڵات گرنگی بە دەستەبەركردن و ئامادەكردنی كتێب بدات، ئەو كتێب و بەرهەم و بڵاوكراوانەی كە زیاتر بە حەزو ئارەزوو و داواكارییەكانی ئەوانەوە پەیوەستن، لەگەڵ هەمەچەشنەكردنی كتێب و بڵاوكراوەكان لەنێوان زانستیی و پەروەردەیی و ڕۆمان و مێژوویی و كتێبی وێنەكراو كە یارمەتیدەربن بۆ تێگەیشتن لە بیرۆكەكان بە ئاسانی، هەروەها ئەو بەرهەم و نوسینانەی كە زۆر كاریگەرو زیندوون و حەزی گەڕان و بەدواداچوون دەوروژێنن.

ماوەتەوە بڵێم: هیچمان لەسەر نییە تەنها نەفەس درێژی و ئارام گرتن نەبێت لەسەر ڕاهێنانی ئەم نەوە نوێ یە لەسەر خۆشویستنی كتێب و هاندانی لەسەر خوێندنەوە، بۆ ئەوەی چیتر مۆبایلەكان و ئامڕازەكانی پەیوەندی و سۆشیال میدیا تەمەنیان بەفیڕۆ نەدات، بۆ ئەوەی داهاتووی ئەوان و كۆمەڵگە و وڵاتیش لە کەوتن و داڕمان و مەترسی بپارێزین !

تەرمی سێیەم قوربانی لافاوەكەی دهۆك دۆزرایەوە
پێت تەرمی سێیەم قوربانی لافاوەكەی دهۆك دۆزرایەوە
ئامارێکی مەترسیداری بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن منداڵان ڕاگەیەنرا
دوات ئامارێکی مەترسیداری بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن منداڵان ڕاگەیەنرا
پەیوەنیدر