داوای یەكگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان دەكرێت



چاودێرێكی سیاسی، كە بە یەكێك لە سەركردە ناڕازییەكانی گۆڕان دادەنرێت ڕایدەگەیەنێت، “باشترە یەكێتتی و گۆڕان یەكبگرنەوە” و جەختیشدەكاتەوە، یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان ھەنگاوێکی گرنگە بۆ تێكوپێکدانی پیلانی پەرتکە و زاڵبەی پارتی لەناو گۆڕەپانی سیاسی ھەرێمی کوردستاندا.

سەعید كاكەیی، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پشكی گۆڕان لە نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، لەم رۆژانەی دواییدا و دوای شکستی ھەوڵێکی دڵسۆزانەی دکتۆر بورھان یاسین بۆ یەکخستنەوەی ناڕازیەکانی “خوار گردەکە” و “پشت گردەکە”ی بزوتنەوەی گۆڕان، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی ھەوڵ و فشارەکانی خۆی چڕتر کردۆتەوە بۆ یەکگرتنەوەی حزبەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا.

دەشڵێت: “بەندە وەك ئەندامێکی دەستەی سەرپەرشتیارانی ھەوڵی ناڕازیەکانی گۆڕەپانەکە / ھەودای نیشتمان و گەل (ھەنگ) دووجار لەگەل دکتۆر بورھان یاسین لەسەر پرسی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە ھاوەڵی ھەندێك لە ھاوڕێکانم لە دەستەی سەرپەرشتیارانی پڕۆژەی ھەنگ کۆبوونەوەم کردوە. لە ھەردوو کۆبوونەوەکاندا، جەختمان لەسەر پێگەی خۆمان کردۆتەوە لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەئێستادا بۆ ئێمەی ئەندامانی پڕۆژەی ھەنگ گوزارشتێکە لە چاکە و خراپەکاریەکانیدا پەشیمان نین و نەبووینە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پرۆژەی ھەنگیش بەشێك نییە لە ناڕازیەکانی “خوار گردەکە” و “پشت گردەکە”. بەڵکو نەیارێکی سەرسەختی ئەو پێگە خۆڵەمێشیەی گۆڕانە لەنێوان خراپ (یەکێتی) و خراپتردا (پارتی). کەواتە، ھەتاوەکو گۆڕان لەو پێگە مەترسیدارە نەیەتە دەرەوە، ئێمەی ھەنگ ئامادەنین گفتوگۆ و دانوستاندنیشیان لەگەڵدا بکەین.

جەختیشی كردۆتەوە، ھەتا بڕیاربەدەستانی گۆڕان لە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان نەکشێنەوە و پاشگەز نەبنەوە لە درێژکردنەوەی تەمەنی بێبەرھەمی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژەی ھەنگ ئامادە نییە و نابێت پەیوەندی ھەبێت و سەودا بکات لەگەڵ لایەنێکی خۆڵەمێشی ناو ئەو سیستەمە ستەمکاریەی، کە بەرقەراربووە لەنێوان خراپ و خراپتردا.

بەپێی ڕووانگەی سەعید كاكەیی، “لەئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان تێکەڵەیە لە خراپ و خراپتر. بەپێی زۆرێك لە توێژینەوە زانستیە سیاسی و ئیداری و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان، دەکرێ بە چاکسازی خراپ لە نەرێنییەوە بگۆڕدرێت بۆ ئەرێنی. بەڵام ئاستەمە خراپتر بە چاکسازی گۆڕانکاری تێدا بکڕێت. ھەر بۆیە، باشتر وایە بە ڕاپەڕینی مەدەنی لایەنی خراپتر لە ڕەگ و ڕیشەوە ھەڵتەکێندرێت و سوود لەو لق و پۆپ و جومگانەی وەربگیرێت کە شیاوی بەکارھێنانن”.

ئاشكراشی كردووە، لەناو بزوتنەوەی گۆڕانی ئەمڕۆدا، وادیارە لایەنی خراپتر زاڵبۆتە سەر لایەنی خراپ. ھەر بۆیە، بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، باشترە بۆ لایەنە خراپەکەی یەکبگرێتەوە لەگەڵ یەکێتی. بەوەش، لە ئەگەری بوونی خواستی ڕاستەقینەی چاکسازی لەناو یەکێتیدا، ئەوا ئەگەری ھەماھەنگی و پێکەوە کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی چاکسازی ڕاستەقینە کارێکی باش و خوازراوە بۆ بەرجەستەکردنی گۆڕانکاری ریشەیی لە شێوازی ئیدارەدانی حکومەت و بەئاکام گەیشتنە بە خۆشگوزەرانی بۆ ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگاکەمان”.

وەك سەعید كاكەیی دەڵێت: “یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان ھەنگاوێکی گرنگە بۆ تێكوپێکدانی پیلانی پەرتکە و زاڵبەی پارتی لەناو گۆڕەپانی سیاسی ھەرێمی کوردستاندا. جگە لەم بژاردەیەش، بزوتنەوەی گۆڕان چەند بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەستدا ھەیە. گرنگترینی ئەو بژاردانەش ھاتنە دەرەوەیە لەو پێگە خۆڵەمێشیە و ئاشبوونەوەیە لەگەل کەسایەتی و دەستە و گروپ و لایەنە ناڕازیە ڕاستەقینەکانی گۆڕەپانەکە بەو مەرجەی لە حکومەت و پەرلەمان بکشێتەوە و پاشان ئاسەواری بە بنەماڵەکردنی بزووتنەوەکە لە بەرگی خۆی داماڵێت”.

 

بەشی یەکەمی نۆژەنکردنەوەی باخی گشتی تەواو بووە
پێت بەشی یەکەمی نۆژەنکردنەوەی باخی گشتی تەواو بووە
سودانی بۆ نرخی دۆلار بڕیاریدا و بەهاكەی دابەزاند
دوات سودانی بۆ نرخی دۆلار بڕیاریدا و بەهاكەی دابەزاند
پەیوەندیدار