عەبدولواحید محەمەد – نووسەر
ئاشکرایە مووچە لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە٢٤ ی ساڵی ١٩٦٠ و یاسای تایبەت بە مووچە ژمارە ٢٢ ی ساڵی ٢٠٠٨، بە کۆی مامۆستایان، فەرمانبەران و خانەنشینانی شارستانی دەدرێت، ئەوەش بە گرێبەستێکی فەرمی دەبێت، لەنێوان کەسێک کە خزمەتێک پێشکەشبکات، لەگەڵ دامەزراوەیەکی دەوڵەت کە پێویستی بەو خزمەتە هەیە، دەبێت هەردوو لاش پابەندی تەواوەتیان بە ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستە فەرمیە هەبێت.
واتە کەسی یەکەم بەپێی ئەو تایبەتمەندیەی پێی دامەزراوە دەبێت ئەرکەکانی وەکو خۆی جێبەجێبکات، لەبەرامبەردا لایەنی دووەم کە دەکاتە حکومەت دەبێت هەموو ئیلتزاماتەکانی وەکو ئەوەی دیاریکراوە بیبەخشێت، بێگومان لە کات و ساتی دیاریکراودا، بە دیوێکیتر پێدراوی یاسایی مووچەخۆر کە خۆی دەنوێنێ لە مووچە و شایستە داراییەکان نابێت لەژێر هیچ پاساوێکدا دوابخرێت یان نەدرێت یان بەشێکی لێبپچێڕێنرێت، بە تەنها ئەگەر کێشەی یاسایی بە پێی بنەما کارپێکراوەکان هەبێت، چونکە ئەو مووچەیە وێڕای ئەوەی یاسا ڕێکیخستووە نابێت دەستکاری بکرێت، کە سەرچاوەی ژیان و ژیاری خێزانەکانیشە، بگرە داینەمۆی ئابووری و هەڵسوڕانی بازاڕە و دواجاریش لێکەوتەی باشی بۆ کۆی کۆمەڵگە دەبێت.
ئەوەیە وادەکات یەک مانگە نەدرێت هەموو نەخشە و پلانەکان لەسەر بنەمای تاک و گشتی سەرەوگێڕ بێت و بگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەکەم.
لە عێراق سەرباری باری نالەبار و بینە و بەردەی سیاسی قوڵ تەنانەت شەڕ و کوشتاریش، کەچی مووچە یەک سات دوانەخراوە و لە کاتی خۆی دراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ٢٠١٤ەوە مووچە بە هۆکاری جۆاجۆر کە خوردکرنەوەی لێرە بە پێویست نازانم، چونکە زۆری لەسەر وتراوە، یەک مانگ مووچە لە کاتی خۆی نەدراوە، ئامار و داتاکان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، لەو١١٠مانگەی کێشەی مووچە هەبوو، ١٥ موچەی تەواو نەدراوە ٤٤ مووچەش بە پاشەکەوت و لێبڕینەوە دراوە، واتە تەنها ٥١ مووچە بە تەواوی دراوە، ئەویش هەرگیز لە کاتی خۆی نەبووە و هەموو مانگێک ١٠ یان ١٥ یان ٢٠ ڕۆژی لەسەر بووە.
بە هەر حاڵ ئەوە شێوازی پێدانی مووچە بووە لەو ماوە دوور و درێژەدا، مخابن هێشتاش هەر وایە، ئەوە خۆی لە خۆیدا ئازارێکی دەروونی هەتا سەرئێسقانە، لەوەش خراپتر و بە ئازارتر ئەوەیە کاتێک دەکرێتە موژدانە و پێیدا هەڵدەگوترێ و دەربارەکان شان وباڵ و پاڵەوانی بۆ دروستدەکەن.
ئاخر مووچە هەروەک لە پێشەوە ئاماژەمانپێدا پێدراوێکی یاسایی ڕاست و ڕەوانە قابیلی دابەشکردنی بەسەر دوودا نیە، چ پێویست دەکات بکرێتە دەسکەوت و شاباشی پێوە لێبدرێت.
بەڕاستی ئەوەی لە پێدانی ئەو دوو موچەیە کرا، عەیبەیەکی زۆر گەورە بوو، ئینجا هەر کەس و لایەن و دەزگایەکی ڕاگەیاندن یان دامەزراوەیەکی فەرمی کردی، چونکە مووچە بەهیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی دەستکەوت، بگرە ئەرکێکی بنەڕەتی حکومەتە و دەبێت بیکات، دەسکەوت لەلای مووچەخۆران هاوکێشەیەکی نەگۆڕە، بریتیە لە گێڕانەوەی مووچە خوراوەکان، گەڕاندنەوەی ئەو پاشەکەوت و لێبڕینەی کراوە کە هیچ مامۆستا و فەرمانبەرێک و خانەنشینێک نییە لە ٢٠ تا ٨٠ ملیۆن دیناری لای ئەم حکومەتە نەبێت، بەرزکردنەوەی مووچە دەست پێبکاتەوە.
بڕاوم وایە هیچ مامۆستا و فەرمانبەرێک نییە مانگانە٦٠ تا١٠٠هەزار دینار، بەو هۆیەوە پاشەکەوتی شاراوەی لێنەکرێت، پێشموایە خاترم گرتون دەنا هەشە زۆر زیاترە، بەڕاستی بەلای کۆمەڵانی خەڵکەوە ئەوانە دەسکەوتی هەقیقین ئەگەر بکرێت، دەنا ئەو دوو مووچەیە ناچێتە خانەی دەستکەوت، چونکە لە بنەڕەتدا مووچە دەسکەوت نییە.
شکور هاووڵاتییان شارەزابوونە و پەڕی سپی دەخوێننەوە و دەزانن سەرچاوەی ئەو مووچانەی درا لە کوێوە هات، باشترین گەواهیش بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە کە بە ڕوونی ئاماژە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و هەوڵی هەموو لایەنەکان دەدات، بێگومان داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانیش کاریگەری خۆی هەبوو لەسەر دروستکردنی ئەو واقیعە تازەیە.
لەو ڕوانگەیە هیچ دوودڵ نیم لەوەی پێتان بڵێم مووچە مەکەنە دەستکەوت، دەستکەوتی هەقیقی بریتیە لە ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی لە ڕابردوودا کردووتانە، هەر بەوەش دڵی کۆمەڵانی خەڵک ئاشتدەکەنەوە، دەنا ئەو دروشم و پێداهەڵگوتنانە هیچی لێ هەڵناکڕێت.