ڕێبەر ئەحمەد: هیچ گروپێکی تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستان نییە



وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لە میانی دیداری سلێمانی ڕایگەیاند، “هیچ گروپێکى تیرۆریستى لە هەرێمى کوردستان نییە، بەڵکو کێشەیەک هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوی کێشەی کورد”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەمیانەى بەشداریکردنى لە پانێڵێکى دیدارى سلێمانى، ئاماژەى بەوە کرد، گروپە چەکدارەکانى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا و ئێران لە هەرێمى کوردستان تیرۆریست نیین، بەڵکو ئەوە تەنها بۆچوون و سیاسەتی ئەو وڵاتانەیە کە دەستەواژەی تیرۆریستیان بۆ بەکاردەهێنن.

جەختی لەوەکردەوە، کۆمەڵێک حزبی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە عێراق بوونیان هەیە، لەلایەن ئێرانەوە بە تیرۆریست ناودەبرێن، هەروەها تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان بەپێی بەرژەوەندی خۆی بە تیرۆریست ناودەبات، بەڵام بۆ ئێمە وەکو عێراق ئەمانە تەنها حزبی ئۆپۆزسیۆنی کوردیین.

باسی لەوەشکرد، ئێمە لەگەڵ هەبوونی هیچ گروپێکی چەکداری نین لە هەرێمی کوردستان، بەڵام وڵاتانی دراوسێ بە بیانووی جیاواز هێرشدەکەنە سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەروەرییەکەی پێشل دەکەن.

وتیشى، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەیەک هەیە بە ناوی “کێشەی کورد و کوردستان”، کەس ئامادەنییە خۆی لە چارەسەرکردنی بنەڕەتی ئەو کێشەیە بدات، ئێمە وەک خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت زۆر بوێرانە کێشەی خۆمان ببەینە پێشەوە.

هەشتەمین دیداری سلێمانی بە بەشداری دەیان کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی لە ناوخۆی هەرێمى کوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات، لەژێر ناوى “ململانێکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست” لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دەستیپێکرد و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

دیدارى سلێمانى، یەکێکە لە گەورەترین دیدارە سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکە، لە ساڵى 2013ەوە دەستیپێکردووە، تێیدا گفتوگۆ و دیالۆگ لە نێوان سەرکردەکان لەسەرانسەرى جیهان دەکرێت.

 

سەمیر هەورامى: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیستی مووچە ڕەوانەی بەغدا دەکەین
پێت سەمیر هەورامى: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیستی مووچە ڕەوانەی بەغدا دەکەین
گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ فڕۆکەخانەی دوبەی ڕاگیرا
دوات گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ فڕۆکەخانەی دوبەی ڕاگیرا
پەیوەنیدر