چەند ڕۆژێكە لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریكایی هەتا دێت زیاتر دادەبەزێت، ئەوەش بە بڕوای شارەزایانی دارایی و بانك، كاریگەری لەسەر گوزەرانی هاووڵاتییان دادەنێت بەو پێیەی كاڵاو شمەكەكانی بازاڕ بە دۆلار مامەڵەیان پێوەدەكرێت و داهات و مووچەی هاووڵاتییانیش دینارە.
بەپێی وتەی شارەزایانی بواری ئابووری، بانكی ناوەندی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ئاستی خستنەڕووی دۆلاری زۆر دابەزاندووە، بەجۆرێك 200 لە ملیۆن دۆلارەوە بۆ 60 ملیۆن دۆلار دابەزیوە و بەپێی خشتەی بانكی ناوەندیش ڕۆژی 2ی یەنایەری 2023 زیاتر لە 127 ملیۆن دۆلار دەخاتەبازاڕەوە.
نرخی دۆلار بەجۆرێك بەرزبووەتەوە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا كە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و لە ماوەی دوو هەفتەدا زیاتر لە 12 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، بەجۆرێك ئەمڕۆ سێشەممە، 27\12\2022 نرخی 100 دۆلار گەیشتە 160 هەزار دیناری عێراقی.
گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و بانك، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەر بەرزبوونەوەیەك لە بەهای دۆلار كاریگەری دەكاتە سەر نرخی كاڵا و شمەكەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، چونكە هەردوولا پێكەوە یەك سیاسەتی نەختینەیی و یەك دراویان هەیە، هەردوولا هاوردەكەرن و زۆربەی كاڵاكان لە دەرەوە هاوردە دەكەن كە نرخەكان بە دۆلارن، كاتێك بەهای دیناری عێراقی دادەبەزێت، مووچەی هاووڵاتییان كەمە بەراورد بە كاتێك كە بەهای دراوە عێراقییەكە جێگیرە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار وەك خەنجەرێكە بۆ گیرفانی هاووڵاتییان و فەرمانبەران.
گوڵاڵە سدیق، هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ بڕیارەكانی ئەمریكاو دەڵێت، ئەو نەوتەی لە عێراقەوە دەفرۆشرێت داهاتەكەی دەچێتە بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا و دواتر بە دۆلار دێتەوە بۆ بانكی ناوەندی عێراقی، بەڵام پارەیەكی زۆر لە عێراقەوە دەبرێتە دەرەوە بۆ ئەو وڵاتانەی بەهای دراوەكەیان دابەزیوە وەكو ئێران و سوریا و لوبنان، ئەمریكا بەمەی زانیوە و بڕی ئەو پارەیەی كەمكردووەتەوە كە دەینێرێت بۆ عێراق، چەند بانكێكی خستووەتە لیستی ڕەشەوە و داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند لە حكومەتی عێراق دەكات، ئەگەر بێت و ئەوە نەكرێت نرخی دۆلار بەرزتر دەبێتەوە.
دەشڵێت، ئەگەر حكومەتی عێراق ئەو ڕێوشوێنانە بگرێتە بەر كە ئەمریكا داوای لێدەكات، كاریگەری لەسەر نزمكردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار دەكات، بەڵام بە پێچەوانەوە نرخەكە زیاتر بەرزدەبێتەوە.
هاوكات ئەو شارەزایەی دارایی و بانك، لێدوانی سیاسییەكان بە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەزانێت، دەڵێت، سیاسییەكانی وڵاتانی دیكە لە هەوڵی بەرەو پێشبردنی وڵاتدان، بەڵام لە عێراق لە دوای پڕۆسەی ئازادییەوە سیاسییەكانی وڵاتەكە تەنها هەوڵیانداوە گیرفانی خۆیان پڕبكەن، لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیان و مانەوەیان لە دەسەڵاتدا بەهای دراوی وڵاتەكەیان دادەتەپێنن.
دەشڵێت، هاووڵاتییانی هەرێم و عێراق كاتێك كە لێدوانێكی سیاسییەكان دەبینن لەسەر دۆلار باوەڕیان پێنەكەن، چونكە سیاسییەكان و چەند پەڕلەمانتارێك ڕاستەوخۆ بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە و دەتوانن بە لێدوانێك بازاڕی دۆلار داببەزێنن یان ئاگری تێبەربدەن، بەڵكو هاووڵاتییان پێویستە بەردەوام چاویان لەسەر نرخەكانی بانكی ناوەندی بێتو ئاگاداری ئەوە بن كە هەركاتێك گۆڕانكاری لە نرخی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە كرا ئەو كاتە بترسن، چ بەرزبوونەوە یاخود دابەزین بێت.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی ناجێگیری بەهای دراوەكان ئەوەیە، كە هاووڵاتییانی هەرێم كاتێك پارەیەكی كەم كۆدەكەنەوە بەهەر ڕێگایەك بێت، كە بەهای دۆلار دادەبەزێت بەپەلە دەچن دینارەكانیان دەكەن بە دۆلار، بێئاگان لەوەی كە ئەمە وادەكات خستنەڕوو زیاد ببێت و نرخی دۆلار زیاتر داببەزێت، كاتێكیش بەهای دۆلار بەرزدەبێتەوە بەپەلە دەچن دەیكڕن، دەڵێن نەك بەرزتر ببێتەوە، ئەوەش خواست لەسەر دۆلار زیاد دەكات و بازاڕەكە قورستر دەكات، چونكە خواست و خستنەڕوو دوو كرداری پێچەوانەی یەكترن.
سەبارەت بە مامەڵەی دروستی هاووڵاتییان بۆ پارێزگاریكردن لە داهاتەكانیان، گوڵاڵە سدیق، دەڵێت، مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان لەدوای پاشەكەوتی مووچە و لێبڕینەكان زیاتر هۆشیاربوونەتەوە سەبارەت بە چۆنیەتی خەرجكردنی مووچەكانیان و دابەشكردنی بەسەر مانگەكەدا، چونكە كاتێك مووچەی مانگێكی وەردەگرێت نازانێت مانگی داهاتوو چی بەسەردێت.
لەلایەكی دیكەوە، د. كاروان حەمە ساڵح، پسپۆڕی دارایی و ئابووری بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، گرانبوونی نرخی دۆلار وەك هەر كاڵایەكی دیكە بە هۆی كەمی خستنەڕووە كە هاوسەنگ نەماوە لەگەڵ بڕی داواكردن لەسەری، واتا خستنەڕوو كەمترە لە بازاڕدا لە چاو زۆری خواست و پێویستی بارزگانان و هاووڵاتییان بەو كاڵایە، ئەم هۆكارە ئابوورییەش دەرهاویشتەی هۆكارێكی سیاسی نێودەوڵەتییە لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا.
دەشڵێت، دۆلار كاڵای ئەمریكاییە و نایفرۆشێت بە ئێران، ناشیەوێت لە وڵاتێكی وەك عێراقەوە ببرێت بۆ ئێران، بۆیە تا عێراق لەگەڵ ئەمریكا ڕێكنەكەوێت لەسەر ئەم كاڵایە، نرخی دانابەزێت ” كابرا ماڵی خۆیەتی نایەوێت بە هەموو وڵاتێكی بفرۆشێت”.