ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە بۆ دەنگدان لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەكە و سبەینێش جارێكی دیكە بۆ گفتوگۆ كردن و پەسەند كردنی چەند پڕۆژە یاسایەك كۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە و خوێندنەوەی یەكەمی كرد بۆ پڕۆژە یاسای چوونەناوەوەی عێراق بۆ ڕێككەوتننامەی ڕوووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و دەستدرێژی لەكاتی كاردا و هاوكات دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سندوقی نیشتەجێبوون دواخرا.
د.بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، فراكسیۆنە كوردستانییەكان توانیان ڕێگری بكەن لە دەنگدان بە پڕۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای سندوقی نیشتەجێبوون، چونكە هەرێمی كوردستانی بێبەش كردبوو.
هاوكات بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن و دەنگدان لەسەر سێ پڕۆژە یاسای دیكە كۆببێتەوە، كە بریتین لە: پێشنیازی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای قەرەبووی زیانلێكەوتووان، كە بەشێك لە جەستەیان لەدەستداوە بەهۆی ڕژێمی بەعسەوە، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵكەكان بۆ خاوەنەكانیان، كە هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە دەیانگرێتەوە، لەگەڵ هەمواری یاسای زیندانیانی سیاسی.